دیاربەکر
نوعمان قورتولموش جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان سەردانی دیاربەکری کردو لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و پیاوماقوڵانی ناوچەکە کۆبوویەوە و گوتی "تورکیا ٢٨ ساڵە بەدەست تیرۆرەوە گرفتار بوو، سەدان گەنج بوونە قوربانی، تورکیا لەو پرۆسەیەدا نزیکەی ١.٢ تریلیۆن دۆلار زیانی لێکەوت. چەکی کڕی، گەشەی ئابووری دواکەوت، بۆیە خەڵکی ئێمە خوازیار بوو ئەو دۆخەی لەکۆڵ بێتەوە".
جێگری سەرۆکی ئاک پارتی ھەروەھا گوتی "پرۆسەی چارەسەری لە یەک رۆژدا ئەنجام نەدراوە، بەرھەمی چەندین ساڵ کارکردنە، ئامادەکاریی باشی بۆ کراوە، کەسانێک ھەن دەیانەوێ شکستی پێبێنن، دوابخرێ و دووبارە شەڕ دەست پێبکاتەوە، لەوانە ئاگادارین، ئۆمێدەوارین ویستی چەکدانان بە ھێز ببێ، وەکو ئاک پارتی ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەین"
قورتولموش گوتیشی "لە رابردوودا دەوڵەت لە جیاوازیەکانی خەڵک دەترسا، ئەو جیاوازییانەی بەخراپ دەبینی. لە سەرداپۆشینی ئافرەتان دەترسا، لە رەگەزنامەی ناموسڵمان و عەلەوی و کوردەکان دەترسا. پێی ناخۆش بوو ھاوڵاتی بە دڵی خۆی ناو لە منداڵی بنێ، یان گوێ لەو موسیقایە بگرێ کە حەزی لێیە. پیی ناخۆش بوو گوندەکان بەو ناوانەوە بن کە بابوباپیرانیان لێیان ناون، ئێستا بەر بەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەگرین".
قورتولموش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "بە گوێرەی مەرجەکان ھەنگاوی زیاتر دەنێین، ئەم وڵاتە جارێکی دیکە ناگەرێتەوە بۆ ئەو رۆژە خراپ و تاریکانە، ئیتر تورکیا بەرەو دیموکراسیی زیاتر دەڕوا. خەڵک نایەوێ ئەم دەرفەتە لە دەست خۆی بدا. گەرەنتیی ئەم پرۆسەیە خەڵک خۆیەتی. %٩٠ی خەڵک لە رۆژھەڵاتی تورکیا رێژەی پشتگری ئەم پرۆسەیە دەکەن."
قورتولموش ئاماژەی بە پەکەکە کرد و گوتی "رێکخراوەکەش ئەگەر بە راستی لە پێناوی خەڵک تێدەکۆشێ، دەبێ بەپێچەوانەی ویستی خەڵک نەجووڵێتەوە. خەڵک داوای ئاشتی دەکا، نایەوێ قوربانی بدا".
جێگری سەرۆکی ئاک پارتی گوتیشی، جاران خەڵک بەھۆی تیرۆرەوە روویان لێرە نەدەکرد، نەیاندەویست بۆ وەبەرھێنان بێنە ئێرە، بۆیە دەزانین کە چەندە پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش بچێ ئەوەندە ناوچەکە بۆ وەبەرھێنان گونجاو دەبێت، بە ئیزنی خوا ناوەندە پێشەسازییەکان پڕ دەبن، ناوچەکە لەبواری ئابوریدا زۆر گەشەدەکا، ئیتر پارە لە جیاتی ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان بکرێ بۆ پەروەردەو تەندروستی تەرخان دەکرێ.
ھەروەھا گوتی، بە ھەر ٢٣ پارێزگای ناوچەکە دەڵێم، پارەی زیاتر بۆ دروستکردنی فرۆکەخانە و جوتسایدکردنی شەقامەکان و دروستکردنی، نەخۆشخانە و ناوەندی پیشەسازی و ھتد. تەرخان دەکرێ.. لە ٧٥%ی خەڵکی ناوچەکە حکومەتی ئاک پارتی بەسەرکەوتو دەبینن، ئەمە لە ھەڵبژاردنەکاندا کاریگەری دەبێ.