وان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا لەلێدوانێکیدا لە کردنەوەی پرۆژەی "بێش یۆڵ" لە پارێزگای وان گوتی: سەرجەم ھەوڵ و تواناکانمان خستوەتە گەڕ لەپێناو یارمەتیدانی لێقەوماوانی کارەساتی بومەلەرزەی وان لە ٢٣.١١.٢٠١١، شەوی روودانی بومەلەرزەکە وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئاکەپە گەیشتنە ناوچەکە و بەکۆپتەریش چوون بۆ شارەدێی ئەرجیش و دەستیان بە سۆراخکردن و یارمەتیدانی لێقەوماوان کرد، تا درەنگانی شەو ئەندام و بەرپرسەکان بەناو پارێزگاکەدا بڵاو بووبوونەوە و خواردن و کەرەستەی گەرمکردنەوەیان بەسەر دانیشتوانی واندا دابەش دەکرد.
ئەردۆغان گوتی: کارەکانمان بەرۆحیەتێکی برایانە بەڕێوە چوو، لەناخەوە ھەوڵ بۆ یارمەتیدانی وان دەدەین.
لەبارەی بیناتنانەوەی پارێزگای وانیش گوتی: ھیچ کاتێک و بەھیچ شێوەیەک وان-مان پشتگوێ نەخستووە. وان گیان و برای ئێمەیە، پلانەکانمان بۆ بنیاتنانەوەی وانێکی نوێیە، جوانتر لە وانی جاران خزمەتگوزاریی نوێی پێشکەش دەکەین، ئەم کارانەش بەھاوکاریی سەرۆکی گەورەی شارەوانی دەکرێت، شارەوانیکردن کاری ئێمەیە و " کاری ئەکەپە " یە.
"خزمەتکاری گەلین" ، گەورەی گەل نین
ئەردۆغان لە گۆڕەپانی کۆبوونەوەکەیدا گوتی: "دەمەوێ کارەکانی ئاکەپە بۆ شارەوانیی وان ببینم، دەمەوێت گوێم لە ھاواری ئاپۆرای ئەم گۆڕەپانە بێ بۆ کارەکانی شارەوانیی ئاکەپە، کارکردنی بەردەواممان دەوێ، وەستانمان ناوێ، پێویستە دەرگا بەدەرگا کۆڵان بەکۆڵان کارەکانمان پێشکەش بکەین.
گوتیشی: ئەم کارە ئایدیۆلۆژی نییە، ئەم کارە تەنھا بەعەشقی خزمەتکردن دەبێت، لە کەلتور و کاری ئاکەپەدا گەورەیی نیە، ئێمە خزمەتکاری گەلین گەورەی گەل نین، (کورد، تورک، عەرەب، چەرکەز، لاز، گورجی، رۆمان و بۆشناک) بەنەتەوەکانی ترەوە لە ناو تورکیا ھەموومان برای یەکترین.
ئێمە مرۆڤەکانمان لەپێناو خالق "خودا"دا خۆش دەوێ، ئەو کەسانەی ھەوڵی دروستکردنی دوژمنایەتی لەنێوان کورد و تورکدا دەدەن دوژمنی ھەموو گەلن، پێویستە بەو شێوەیە بیر بکەینەوە، لەبەرئەوە دژی سیاسەتی کوردایەتی و تورکایەتین، " ئەم دوو شێوازە بیرکردنەوەیە دوژمنایەتیی ئێمە دەکەن". تورکیا گۆڕەپانی کاری خزمەتگوزاری ئێمەیە، ٧٦ ملیۆن ناسنامە لە ژێر چەتری کۆماری تورکیایە، ھەموو پێکەوەین.
لەدرێژەی گوتەکانیدا ئەردۆغان گوتی: خزمەت و خۆشەویستیی ئێمە تەنھا بۆ ناوچە و شارێک نیە، بەڵکو خزمەتمان بۆ ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتر و تەواوی ٧ ناوچە و ٨١ ویلایەت و ٧٦ملیۆن کەسی تورکیایە.
گوتیشی: تورکیا بەیەک چاو سەیر دەکەین، ئیستەنبوڵ و ریزەلی بۆ ئێمە چەندە گرنگ و خۆشەویستە وان و وانلی-ش بەھەمان شێوەن، لای ئێمە جیاوازی نیە، جیاکاری لە رەنگی نەخشەی تورکیادا ناکەین، ئاکەپە بانگەشە تەنیا لەو ناوچانەدا ناکات کە دەنگی تێیاندا بەدەستھێناوە، ئێمە وەک پارتەکانی تر جیاوازیی ناوچەیی ناکەین، دەرگای دڵمان بۆ ناوچەکانی تر داناخەین، ٧٨٠ھەزار کیلۆمەتر و ٧٦ ملیۆن بۆ ئێمە یەک ئامانجە، ھەمووی بەبێ جیاوازی تورکیایە.
ھەنگاوی نوێمان بۆ تورکیا ناوە، گۆڕانکاری لە یاساکان و ریفۆرمەکان بۆ باشور و باشوری رۆژھەڵاتە بەتایبەتی بۆ وان، ئیتر سەردەمی کۆن بەسەر چوو و بەھیچ شێوەیەک گەڕانەوەی نییە.
ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: کارە ئیداریەکانمان بۆ گۆڕینی یاساکان تەواو کردووە، بۆ بوون بەیاساش پێویستی بەبڕیاری پەرلەمان ھەیە، لە ھەفتەکانی داھاتووشدا لەلایەن لیژنەکانەوە دەگەیەنرێتە پەرلەمانی تورکیا.