ئیستەنبوڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدارئۆغلو جەختی لەوە کرد کە شەڕ و خوێنڕشتن خراپن و کەس بەرھەڵستی راگرتنیان ناکا، ھەموومان حەز دەکەین ئارامی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ، بەڵام من نازانم پرۆسەی ئاشتی چییە و ناوەرۆکەکەی چییە.
کلیچدارئۆغلو ھەروەھا گوتی: "من چوار مەرجم بەبەرێز سەرۆکوەزیران گوت، بۆ نموونە گوتم: با پرۆسەکە ئاشکرا بێ و نھێنی نەبێ، روون و شەفاف بێ، ئەنجامەکە بە خەڵک بڵێ، ئەو شتەی ناتوایت لەژێری دەربچیت مەیکە. پێمان گوتی وەرە پشتگریت دەکەین چارەسەر بکە، ئەو گوتی: "پێویستمان بە پشتگیریی تۆ نیە". ھەندێ جار دەگوترێ ئەھا پرۆسەکە تەواو بووە، دواتر دەگوترێ نا نا بەردەوامە، ئەمە راستە یان راست نیە، تێناگەین. بەڵام ئەوە دەزانین لەلایەک عەبدوڵا ئۆجەلان و لە لاکەیتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەیە. ھەردوو یەکتر دەبینن و مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن، نامە بۆ یەکتر دەنێرن، نامە بۆ قەندیل دەڕوا، ئەو شتەی پێم ناخۆشە ئەوەیە ٧٦ ملیۆن کەس زانیاری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە قەندیلەوە وەردەگرن، ئایا ئەمەتان پێ خۆشە؟ بۆچی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە زانیاری لەوبارەوە بەخەڵک نادەن، تا لە قەندیلەوە وەرینەگرن."
دواتر کلیچدارئۆغلو ئاماژەی بە ٣٤ قوربانیەکەی گوندی رۆبۆزكێ کرد و گوتی: "تۆ لە رۆبۆسکی ٣٤ رۆڵە دەکوژیت و باجی ئەمە نادەیت و دوایی دەڵێی دیموکراسی دیموکراسی! ئەمە نابێ نا. ئەو ٣٤ کوژراوەی رۆبۆسکی رۆڵەی ئێمەن، گرنگ نیە ئەوانە چ خەڵکانێکن، ئەوانە ھی ئێمەن، بەرپرسیاری ئەوەیش یەک کەسە کە سەرۆک وەزیر ئەردۆغانە."
کلیچدارئۆغڵو گوتیشی: "دیموکراسی لەخۆوە نایە، ھەمو دیکتاتۆرەکان بە دیموکراسی دێنە سەر حوکم و دوایی دەبنە دیکتاتۆر. ھیتلەر و موسۆلینییش بە ھەڵبژاردن ھاتنە سەر حوکم، بەڵام کەسێک ناتوانێ بڵێ دیمۆکراسین".