ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەمرۆ لە سەلاحەدین لە شاندێکی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئوسامە نوجێفی پێشوازی کرد.
بەگوێرەی ھەواڵێکی سایتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارزانی بە شاندەکەی گوتووە: "نابێ ھەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێ و پرۆسەی دیموکراسی زیانی بەرکەوێ."
سەرۆکی ھەرێم جەختی لەوەش کردۆتەوە لە ھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق. لەڕووی دابەشکردنی کورسی و بەشی پارێزگاکان زوڵمێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کراوە.
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێم دەڵێ بۆ ئەوەی مافی ھەرێمی کوردستان نەخورێ پێویست بوو بەشە کورسی پارێزگاکان دیاری بکرابایە و لە عێراقیش سەرژمێری ئەنجام بدرایە.
ماوەیەکە لایەنە عێراقییەکان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتوو مشتومڕیانە و تائێستا نەگەیشتونەتە رێکەوتن، بڕیاریشە ٣٠ی نیسانی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامبدرێ.
لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێویستە ھەموولایەک بگەنە چارەسەرێک، بەڵام ئەو چارەسەرە نابێ لەسەر حیسابی ھەرێمی کوردستان یان پێکھاتەیەکی تر بێ."
پرسی قەرەبووکردنەوەی و کۆتاش بەشێکی تری گفتوگۆی نێوان بارزانی نوجێفی بووە، لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردن بە یەک بازنە یاخود فرە بازنەیی بێ، ئەوەش گفتوگۆی لەسەر کراوە، چاوەڕوان دەکرێ پاش گەڕانەوەیان بۆ بەغدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بکرێ.