ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان د. عەلی قەرەداغی ئەمڕۆ یەكشەمە لەشاری سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەبارەی چالاكی و خەرجییەكانی ساڵی 2013ی ڕێكخراوی ڕابیتەی ئیسلامی كورد و دواین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان سازكرد.
قەرەداغی كە سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامی كوردە (ڕێكخراوێكی خێرخوازی كوردییە ساڵی 1988 دامەزراوە) لەبارەی چالاكیەكانی ڕێكخراوەكەی لەساڵی 2013 گوتی: "ئەمساڵ لەسەرجەم لقەكانی رابیتە لەهەرێمی كوردستان و بەغدا بەبڕی 6 ملیار و 267 ملیۆن و 895 هەزار دینار هاوكاری لەبوارەكانی ئاوەدانكردنەوە، بێ باوكان، تەندروستی و قوربانی و بوارەكانی دیمە خەرج كراوە".
هەروەها وەك ڕێكخراوی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان تائێستا سێ كاروانی هاوكارییان بەبڕی 5 ملیار دینار گەیاندۆتە ئاوارەكانی سوریا، لەزانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی قەرەداغیش لە سلێمانی 50 قوتابی ئاوارەی كوردی سورییان بەبێ كرێی ساڵانە وەرگرتووە.
لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا لەبارەی چونی گەنجانی كورد بۆ سوریا و هەڵوێستیان لەو بارەیەوە، قەرەداغی گوتی: "داوا لەگەنجان دەكەین لەووڵاتی خۆیان بمێننەوە و نەچنە سوریا بۆ جیهاد كردن، چونكە لەسوریا پێویستیان بەشەڕكەر نییە ئەوەندەی پێویستیان بەچەكی پێشكەوتوو و هاوكاری هەیە، ئەوانەشی دەچنە ئەو وڵاتە لەلایەن هەندێك لایەنەوە بۆ مەبەستی تایبەتی بەكاردەهێنرێن".
قەرەداغی دژایەتی خۆشی بەرامبەر ئەو هەڵمەتەی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ سەر ژمارەیەك مزگەوت و مامۆستای ئاینی ئەنجام دراوە نیشاندا.
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ڕوداوەكانی ئێستای توركیای بە پیلانی نێودەوڵەتی ناوبرد و گوتی: "ئیدانەی هەرجۆرە گەندەڵییەك دەكەین لەلایەن هەركەسێكەوە بكرێ، بەڵام ئەوەی ئێستا لەتوركیا ڕودەدات بەشێكە لەپیلانی نێودەوڵەتی بۆ ڕوخاندنی هەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی سەركەوتوو. لەتوركیا، میسر، تونس و لیبیا و چەندین ووڵاتی دیكە بە پشتیوانی هەندێك لەووڵاتانی عەرەبی هەوڵی ڕوخاندنی ئەو پڕۆژە سەركەوتووانە دەدرێ، چونكە مەترسییان هەیەو زیان بەپڕۆژە ئابورییەكانی ئەوان دەگەیەنێ و دەیانەوێ هەمیشە دەوڵەتان پاشكۆی خۆیان بن".
لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی میسر بە ناساندنی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین وەك گروپێكی تیرۆرستی و هەڵوێستی ئەو ڕێكخراوە، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان گوتی: "بەتوندی ئیدانەی بڕیاری دانانی كۆمەڵی ئیخوان موسلمین وەك گروپێكی تیرۆریستی دەكەین كە لەبەرژەوەندی گەلی میسری نییە و حكومەت هەموو دەرگاكانی لەبەردەم ئاشتی داخستووە."ئاماژەی بەوەش كرد بڕیارەكانی حكومەتی ئێستا و مامەڵەكردنییان لەسەردەمی فیرعەون خراپترە و بەدیكتاتۆرترین دەوڵەت لەمێژوی ئەو ووڵاتەدا ناوی برد.
قەرەداغی باسی لەدۆخی ئێستای عێراق و ناوچە سونییەكان كرد و گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنی حكومەت و سەركردە سونییەكان هەیە بۆ ئاشتەوایی، بەڵام بەداخەوە مالكی وەڵامی داخوازی خۆپیشاندەرانی نەدایەوە كە ئەوش دۆخەكەی بەرەو خراپتر بردووە، داوا لەهەردولایەن دەكەین پەنا بۆ گفتوگۆو دیالۆگ ببەن و بەرە و شەڕی تائیفی هەنگاو نەنێن."