سلێمانی / دڵشاد سەیفەدین
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان عەلی قەرەداغی لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ئێستای وڵاتانی ئیسلامی و جەنگی یەمەن و كاریگەریی ئەو جەنگە لەسەر هەڵگیرسانی جەنگێكی تائیفی و مەزهەبی لە ناوچەكە، هەروەها ئایندەی داعش و دۆخی نێوخۆی سووریا دەكات.
قەرەداغی ماوەی سێ ڕۆژە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفراسێكی زانستی نێودەوڵەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە خۆی دامەزرێنەری زانكۆكەیە، گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی و لە كۆتایی ئەو كۆنفراسەدا بۆ ئانادۆڵو دوا.
"وڵاتانی ئیسلامی لە دۆخێكی ناڕەوادان"
ئەو سەرەتا باسی لە دۆخی ئێستای وڵاتانی ئیسلامی كرد و گوتی: "جیهانی ئیسلامی بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی لە بارودۆخێكی ناڕەوادان بەجۆرێك لە نێوخۆدا چەندین كێشەی گەورەیان هەیە و لە ئێستاشدا هەوڵی گەورەكردنی شەڕەكە دەدرێت بەرەو شەڕی سوننە و شیعە كە ئەوەش شەڕێكی ناهەموارە و مەترسییەكی گەورەشی هەیە لە داهاتووی جیهانی ئیسلامی، لە هەمان كاتدا تاكڕەوی و دیكتاتۆری و كودەتاكردن بەسەر شەرعییەتدا ئەویش كێشەیەكی ترە.
بەشی سێهەم كە كێشەیەكی گەورەترە لەو وڵاتانە توندڕەوییە بەناوی ئیسلام و داعش و ئەلقاعیدە و فیكرەكانی تر، لە بەرامبەریشدا توندڕەوی بێ دینی و هێرشكردنە سەر ئیسلام و قۆستنەوەی كارەكانی داعش تاوەكو هێرش بكەنە سەر ئیسلام، لەكاتێكدا جیهانی ئیسلامی و زانایانی مسوڵمان رایانگەیاندووە كە داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناكات و بەرنامەی ئیسلام بەو شێوەیە نییە بەڵام بە زۆر دەیانەوێت ئەو شەڕە و كردەوەكانی داعش بە زۆر بخەنە پاڵ ئیسلامەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە لە دینەكانی تر هەزاران تاوان روو دەدات بەڵام كەس دینەكانی مەسیحی و بوزی و جوولەكە و دینەكانی تر تۆمەتبار ناكات بە دینێكی تیرۆریستی كە ئەوەش ئیزدی واجییەتێكی گەورەیە لە پێوەرەكاندا و گرووپە توندڕەوەكان لە رۆژئاوا سوودیان لێوەر گرتووە بۆ هێرشكردنەسەر ئیسلام و ترساندنی خەڵك لە ئایینەكە، بۆیە پێویستە وەك زانایان و دەوڵەتانی ئیسلامی راستییەكان روون بكەنەوە و دژی ستەم و تاوان بوەستنەوە".
"حوسییەكان نوێنەرایەتی هەشت لەسەدی یەمەن ناكەن"
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە تەوەرەیكی تری دیمانەكەدا باس لە شەڕی یەمەن دەكات، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە زۆر داوا دەكەین شەڕی ئێستای یەمەن بەرەو شەڕی سوننە و شیعە نەڕوات، لە شەڕی دەوڵەتان و سیاسەتدا كێشە نییە بەڵام كێشە لەوەدایە ببێتە شەڕی مەزهەبی، ئەوەی لە یەمەن روو دەدات شەڕێكی سیاسییە و حكوومەتی عەبدولهادی عەبد مەنسوور حكوومەتێكی شەرعییە و حوسییەكان لەو كاتەدا دانیان پێدانا و رێكکەوتنیان لەگەڵ واژۆكرد و لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێنا كە دواتر حوسییەكان بەشێوەیەكی ناڕەوا هاتن و كودەتایان بەسەر كرد. حوسییەكان نوێنەرایەتی هەشت لەسەدی وڵاتەكە ناكەن لەهەمان كاتدا دەیانەوێ هەموو وڵاتەكە بگرن و بەرەو وڵاتانی دەوروبەریش بكشێن، ئەوەشی كە حكوومەتی شەرعی وڵاتەكە داوای هاوكاری لە وڵاتانی تری كەنداو كردووە بۆ یارمەتیدانی شتێكی سرووشتییە و لە هەموو جیهاندا ئەوە بوونی هەیە".
ئەو ئایەتێكی قورئانی بەنموونە هێنایەوە كە تێدا خوای گەورە باس لەوە دەكات ئەگەر یەكێك لە فەرمانی دەسەڵاتێكی شەرعی دەرچوو بە گفتوگۆ هەوڵی گەڕانەوەی بدرێت، بەپێچەوانەوە شەڕی لەگەڵ دەكرێت تا ئەو كاتەی دەگەڕێتەوە سەر ڕێگای راستی. داواشی لە حوسییەكان كرد بگەڕێنەوە سەر رێگای راستی و بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ماف و داواكارییەكانی خۆیان وەربگرن.
"یەكهەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی پێویستییەكی شەرعییە"
عەلی قەرەداغی یەكڕیزی وڵاتانی ئیسلامی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان بەپێویستییەكی شەرعی ناو دەبات و دەڵێت: "مەترسی و بڵاوبوونەوەی زیاتری حوسییەكان بەرەو ناوچەكانی تر هاوپەیمانێتییەكانی وڵاتانی ناوچەكەی دروست كرد كە زیاتر لە دە دەوڵەت لەخۆ دەگرێت و بەرفراوانتر دەبێت. لەم كاتەشدا پێویستییەكی شەرعییە جیهانی ئیسلامی پێكەوە كۆببنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە بەڵام پێویستە ئەو كۆبوونەوە و لێكنزیكبوونەوەیە لەسەر بنەمای سۆز نەبێت و لەسەر بەرژەوەندی هەمووان بێت هاوشێوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا".
"پێویستە ئێران لە شوێنە هەستیار و مەرسیدارەكان دوور بكەوێتەوە"
ئەو لەبارەی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە ئاماژەی كرد بەوەی رێكخراوەكەی بەردەوام داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات نزیك نەبێتەوە لەو شوێنانەی شوێنی مەترسی و هەستیارن بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەگەر كێشەیەكی هەیە لەسەر ئەو شوێنانە با لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەری بكات.
"هەروەها بەردەوام داوامان لێی كردووە یارمەتیدەر بێت بۆ یەكێتییەكی ئیسلامی نەوەك یارمەتیدەر بێ زیاتر لێكترازاندنی جیهانی ئیسلامی، لە هەمانكاتدا پێویستە وڵاتانی عەرەبیش ئەو مافانە دابین بكەن لە ناوچەكەدا ئەگەر ئێران هەیبێت. داوا لە هەردوو لا دەكەین كە رێكبكەون و ناكۆكییەكان لە بەرژەوەندی هیچ لایەكیان نییە، بەپێچەوانەوە دۆخەكە لە بەرژەوەندی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكایە و پڕۆژەیەكی تر دێتە ئاراوە".
"داعش لە عێراق و سووریا بەرەو نەمان دەڕوات"
عەلی قەرەداغی لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئانادۆڵو لەبارەی داعشەوە دوا و گوتی: "داعش لە فیكرێكی توندڕەوییەوە دروست بووە و لە رێگەیەكی تەنگ و تەسكی سەلەفییەوە گەیشتوونەتە بەكافركردنی خەڵك دواتر ئەوەش گەیشتووەتە تەقاندنەوە و كوشتنی خەڵك و خوێنی خەڵكیان بۆ خۆیان حەڵال كردووە، داعش جیاوازی گەورەی لە قاعیدەش هەیە كە ئەوەی دووەم فیكرێكی توندڕەوی دینییە و هەتا رادەیەك لایەنەکانی ئاینیی تێدایە بەڵام داعش تێكەڵەیەكی بەعسی و لایەنەكانی ترە و كێشەكانیان قووڵتر كردۆتەوە. داعش هەنگاونانی بەرەو وێرانكردنە، ئەگەر لەسەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت بەرەو نەمان هەنگاو دەنێت چونكە بیری توندڕەوی تەمەنی كورتە و ماوەیان زۆر نابێت، گەلانی عێراق و سووریاش بەرەو دەركردنی داعش هەنگاو دەنێن".
"رووداوەكانی نێوخۆی سووریا كارەساتی سەدەیە"
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان بەنیگەرانییەوە باس لە بەردەوامی دۆخی سووریا و بێهەڵوێستی جیهان دەكات بەرامبەر ئەو تاوانانەی رۆژانە لەلایەن رژێمی ئەو وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو لەم بارەیەوە گوتی: "ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت كارەساتی سەدەیە و هەموو جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەرپرسیارن لەو كارەساتەی لەو وڵاتەدا روو دەدات، بەشێوەیەك لە مێژوودا كارەساتێكی لەو شێوەیە رووی نەداوە كە زیاتر لە پێنج ساڵە گەلی ئەو وڵاتە بە ناڕەواترین شێوە و گازی جۆراوجۆر رووبەڕووی كوشتن و بڕین دەبنەوە و سێ یەكی دانیشتوانەكەی ئاوارە بوون. لە بەرامبەر ئەو تاوانانەشدا وڵاتانی جیهان بێهەڵوێستن، لە ئێستاشدا پاشەكشەیەك هەیە لە هەڵوێستی پێشوویان، بەتایبەتی ئەمریكا لە هەڵوێستەكانی پێشتری پاشگەز بۆتەوە و ئێستا ئاماژە بەوە دەكەن دەیانەوێت بەشار ئەسەد ببێتە بەشێك لە چارەسەركردن. جیهانی ئیسلامی و عەرەبیش بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆیە لەو كارەساتەی لەو وڵاتەدا روو دەدات".
news_share_descriptionsubscription_contact

