پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی لە نووسینگەی خۆی لە هەولێر وەڵامی پرسیارەكانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و باسی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ ئەمریكا كرد و گوتی: "ئەو سەردانە بۆ دەستنیشانكردنی كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگار كردنی مووسڵ گرنگە و كاتی ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا دەستنیشان كرا و ئەو ئۆپەراسیۆنەیەش كە سوپای عێراق لە دوای رزگاری تكریت لە ئەنبار دەستی پێكردووە بۆ مووسڵ زۆر گرنگە".
نوجێفی گوتی: "بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنی مووسڵ ئامادەكاری سەربازی و مەدەنی ئەنجام دراون و لەو ئۆپەراسیۆنەدا قورسایی بارەكە لەسەر شانی سوپای عێراقە و سوپای عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاری پێویستی كردووە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا هاوكات هێزی پێشمەرگە، هێزەكانی ئەمنی مووسڵ و ئەو چەكدارە سوننانەی كە راهێنانیان بۆ كراوە بەشدار دەبن و هاوپەیمانی جیهانیش لە رووی ئاسمانییەوە پاڵپشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەكات و بۆ سەرپەرشتی كردنی ئۆپەراسیۆنەكە كۆمیتەیەكی هاوبەش دادەمەزرێت و لەو كۆمیتەیەدا نوێنەرانی هەموو لایەنەكان ئامادە دەبن و هێزەكانی هاوپەیمانانیش هاوكاری ئەو كۆمسیۆنە دەكەن".
نوجێفی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "سەردانی عەبادی بۆ ئەمریكا بۆ دیاریكردنی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ گرنگ بوو و ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە لەلایەن هێزەكانی ئەمنی دوای رزگاركردنی تكریت لە ئەنبار دەستی پێكردووە بۆ مووسڵیش زۆر گرنگە و بە ئۆپەراسیۆنی ئەنبار تیرۆریستانی داعش لە بەغدای پایتەخت دوور دەخرێنەوە و بەو جۆرە لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا تیرۆریستانی داعش ناتوانن نزیكی بەغدا ببنەوە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا چۆن دەتوانرێت تیرۆریستانی داعش و چەكدارانی مەدەنی لە یەكتر جیا بكرێنەوە؟ نوجێفی گوتی: "بۆ ئەو جیاوازییە ئێمە داوا لەو هێزانە دەكەین كە خەڵكی مووسڵ نین بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە نەكەن، چونكە خەڵكی مووسڵ دەزانن كێ داعشە و كێ داعش نییە بەڵام ئەو هێزانەی لە دەرەوەی شاری مووسڵ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە بكەن بە چاوی داعش سەیری خەڵكی شارەكە دەكەن، بۆیە پێویستە سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە لایەن مووسڵییەكانەوە بكرێت چونكە تەنیا مووسڵییەكان دەتوانن تیرۆریستانی داعش و چەكدارە مەدەنییەكان و خەڵك لە یەكتر جیا بكەنەوە و ئێمە دەزانین كە هەموو خەڵكی مووسڵ لەدژی داعشە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا لە نێو شاری مووسڵدا لە دژی داعش كەس هاوكاری سوپا دەكات؟ نوجێفی گوتی: "بە هەزاران سەربازمان لە مووسڵ هەیە و هەمیشە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە بەڵام حاڵی حازر توانای گەیاندنی چەك و تەقەمەنیمان بەو هێزانەی نێو شاری مووسڵ نییە و لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا ئەو هێزانە لەگەڵ هێزەكانی سوپا یەك دەگرنەوە و خەڵكی مووسڵیش لە دژی داعش دەست بە راپەرین دەكات".
دوای وەبیر هێنانەوەی ئەوەی كە لە دەستی چەكدارە سوننەكاندا وەكو پێویست چەك و تەقەمەنی نییە نوجێفی گوتی: "راستی ژمارەی چەكەكانی بەردەستمان كەمە و ئەوەندە چەكمان نییە كە بدەینە ئەو خۆبەخشانەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن بەڵام وردە وردە هەوڵ بۆ دابین كردنی چەك و تەقەمەنی دەدەین ولەو چوارچێوەیەدا سەردانی ئەو لایەنانەمان كرد كە دەتوانن هاوكاریمان بكەن بەڵام ئەو لایەنانەیش دەیانەوێت لە چوارچێوەی رێككەوتنە نێو دەوڵەتییەكاندا هاوكارمان بن و ئەو هاوكارییە سەربازییانەی روانە دەكرێن سەرەتا رادەستی بەغدا دەكرێن و لەوێ لە رێگای وەزارەتی بەرگری عێراقەوە روانەی لای ئێمە دەكرێن. ئێمە راستەوخۆ لە لایەن هیچ كەسێكەوە چەكمان پێ نادرێت و ئەوانەی كە حاڵی حازر لە بەردەستماندا لە بازاڕدا كڕیومانن.
نوجێفی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە ئەو كەس و لایەنانەی كە هەوڵ بۆ بڵاوكردنەوەی ناوی چەكدارە شیعەكان (حەشدی شەعبی دەدەن دەیانەوێت وا نیشان بدەن كە سوپای عێراق لاوازە بەڵام ئەمە لە كاتێكدایە كە سوپای عێراق خاوەن دیسپلین، راهێنان و چەكە و كاری خۆی ئەنجام دەدات و حەشدی شەعبی بە بەراوەرد لەگەڵ سوپادا بێ دیسپلین و بێ راهێنانن و ئەمەیش بوو هۆكاری ئەوەی كە لە ئۆپەراسیۆنی تكریتدا هەموو قورساییەكە بكەوێتە سەر شانی سوپای عێراق، سەرەڕای ئەوەیش هەوڵ بۆ ئەوە درا كە ناوی حەشدی شەعبی بە پێش بخرێت. بە بڕوای ئێمە سوپای عێراق بەهێزترە لە حەشدی شەعبی و ئەگەر بێتو چەكەكانی بەردەست حەشدی شەعبی بدرێنە سوپا ئەوا ئەو جیاوازییە زۆر بە زەقی دەردەكەوێت.
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا حەشدی شەعبیش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ دەكات؟ نوجێفی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لە نێو شار و لە ناوەندی شاردا حەشدی شەعبی نەبێت چونكە لە شاری مووسڵ نیگەرانیی لە بەرامبەر حەشدی شەعبیدا هەیە".