ھەولێر
لەبارەی پەیوەندی ھاوبەشی نێوان کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی فەتح و حەماسی فەلەستینی، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر بۆ ئانادۆڵو گوتی "ھیچ پەیوەندیەکی سیاسی و دبلۆماسیمان لەگەڵیان نییە، بەڵام پەیوەندیی برایەتی و ئاینی و چارەنوسیمان ھەیە."
ھەروەھا گوتی "وەک دوو کاڵەکی پڕچنگێک تەماشای پرسی کورد و فەلەستین دەکەم، چونکە مەزڵومیەتی ئەم دوو گەلە وەک یەکە و یەک چارەنووسیان ھەیە، بەداخەوە فەلەستین پێشتر قەوارەی خۆی ھەبووە، کوردیش سایکس بیکۆ سڕییەوە، کەچی ئەمڕۆ لەسەر نەخشەی سیاسی نین."
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پرسی خاکی فەلەستین دژایەتی ئیسرائیل دەکات و ھەندێ جاریش بەرپرسانی ئەو وڵاتە ھەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلیان لەسەر نەخشەی جیھان کردوە.
لەو بارەوە عەلی باپیر دەڵێ "ئێمە وەک لایەنێکی ئیسلامی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران بیر ناکەینەوە و بۆچوونی ئێرانیشمان نییە، کۆمەڵی ئیسلامی کە بەشێکە لە گەلی موسڵمانی کورد، پێی وایە گەلی فەڵەستین زوڵمیان لێ کراوە، جولەکە چەوساندونیەتیەوە و بوونیان پێ رەوا نابینن، لەسەر خاکیان ھەڵکەنراون، بۆیە ئەرکی ھەموو موسڵمان و رۆشنبیرێکە لەگەڵ گەلی فەلەستین ھاوڕابن و بەرگری لە مەزڵومیەتی کوردیش بکەن."
تا ئایاری ٢٠٠١ کۆمەڵی ئیسلامی بەشێک بوو لە بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە ھێزێکی ئیسلامیی چەکدار بوو، بەڵام پاش ئەو مێژووە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی بزوتنەوەکە بەسەرکردایەتیی عەلی باپیر جیابوونەوە و کۆمەڵی ئیسلامییان دامەزراند. لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستبەرداری چەک بوون و بوونە حزبێکی مەدەنی.
ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ھەرێمی کوردستان لە ٢١ی ئەیلولی رابردوو ٦ کورسی بەدەست ھێنا.