بهغدا
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پێی وایە كە رەخنەكانی وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر لە سوپای عێراق ورەی دامەزراوەی سەربازی عێراق تێكدەدات.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە بارەگای پەرلەمان لە بەغدای پایتەخت سازیان كرد، سەرۆكی لیژنەكە حەكیم زاملی رایگەیاند:" لیژنەی ئاسایش و بەرگری روونكردنەوەكانی وەزیری بەرگری ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر قبووڵ ناكات كە دەبنە هۆی دروست بوونی گومان لەبارەی ئازایەتی سوپای عێراق لە شەڕكردندا''.
زاملی ئاماژەی بەوەشكرد سوپای عێراق، حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە هۆزەكان توانیویانە ناوچەكانی دیالە، جورف ئەلسەخر، ئامرلی، تکریت و شنگال ئازاد بكەن كە گرنگی زۆریان هەیە، بەڵام ئەو روونكردنەوانەی كارتەر دەبێتە هۆی لاوازكردنی ورەی سوپای عێراق و لەو جۆرەیە كە خزمەت بە داعش دەكات.
''با ئیدارەی ئەمریكا ئەوە جێبەجێ بكات لە لەرێككەوتنەكەدا هاتووە''
زاملی داوای كرد ئیدارەی ئەمریكا ئەو رێككەوتنە جیبەجێ بكات كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئیمزای كردووە بۆ پڕچەككردنی سوپای عێراق و ''تێچووی ماددی رێككەوتنەكە چەندین ساڵ پێش ئێستا دراوە''.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشتۆن كارتەر لە میانی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێندا سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی شاری رومادی لە لایەن داعشەوە رایگەیاند بوو "هێزەكانی ئەمنی عێراق 'خواستی شەڕكردن'یان پیشان نەداوە و ئەمەش رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە دەست بەسەراگرتنی ئەو شارە لەلایەن داعشەوە".
كارتەر سەبارەت بە هێزەكانی ئەمنی عێراق گوتبووی: "ئێمە دەتوانین پەروەردەیان بكەین و كەلوپەلیان بۆ دابین بكەین، بەڵام ئێمە ناتوانین خواستی شەڕكردنیان بدەینێ".
شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراق لەرووی رووبەرەوە ماوەی هەفتەیەكە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كراوە.