هەولێر
بۆ ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان سوود لە پەیڕەوی 20 وڵات وەرگیراوە.
ئەمڕۆ لێژنەی ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كە لە 16ی حوزەیرانی ساڵی پار بە بڕیارێكی پەرلەمان پێكهێنرابوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا تەواوبوونی كارەكانی خۆیان راگەیاند بە رادەستكردنی پڕۆژەكە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
ئەندامی لێژنەی ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی كوردستان د.فرسەت سۆفی لەو بارەیەوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە نێویشیاندا ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئەندامانی لێژنەی كاتی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لە 13 ئەندامی پەرلەمان لە سەرجەم فراكسیۆنەكان پێكدێت و لە 16ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو پێكهێنرابوو كارەكانی خۆمان تەواوكرد و بەشێوەیەكی رەسمی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆمان رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، پڕۆژەكە بەگشتی لە 149 ماددە و 12 بەش پێكدێت، هیوادارین لە زووترین كاتتدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە خاوەنی پەیڕەوێكی ناوخۆی نوێ".
سۆفی گوتیشی: "پڕۆژەكە بەدرێژایی ئەو ماوەیە كارمان لەسەر كردووە و هەموو هەفتەیەك بۆی كۆدەبووینەوە، توانراوە لە كاری یاسادانان و چاودێری و لێژنە هەمیشەییەكان و رێكخستنی كۆبوونەوەكان و بەڕێوەچوونی كارەكانی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی و سیستەمی پەرلەمان كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی نوێ جێ بكەینەوە بەتایبەت لە مەسەلەكانی پەیوەست بە فراكسیۆن، بەدروستكردنی دەستەیەكی گشتی، بە ئۆپۆزسیۆن و دیوانی پەرلەمان و كاری ناو پەرلەمان و نووسینگەكانی پەرلەمانیش، ئومێد دەكەین ئەندامانی پەرلەمان لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی پەرلەماندا پەیڕەوەكە دەوڵەمەندتر بكەن".
ئەو ئەندامەی لێژنەكە سوپاسی ئەندامانی لێژنەكە و راوێژكارانی پەرلەمان و ئەو كەسانەش كرد كە پێشتر لەكاری پەرلەمانی ئەزموونییان هەبووە و بۆ ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆ یارمەتییان داون.
لە درێژەی قسەكانیدا فرسەت سۆفی گوتی بۆ ئامادەكردنی پەیڕەوی نوێی پەرلەمان سوودیان لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی 20 وڵاتی جیهان وەرگرتووە و سەردانێكی چوار رۆژەیان بۆ سوید كردووە و بە كردەیی ئەزموونیان لە كاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەست خستووە.
روونیشیكردەوە: "ئێستا پڕۆژەی نوێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئامادەیە بۆ تاوتوێكردن و پێمان وایە پەرلەمان تەكانێكی نوێ لەكارەكانی بەخۆیەوە دەبینێت پاش پەسەندكردنی، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمانیش زۆر جیددین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیك لە چەند هەفتەی داهاتوو بخرێتە بەرنامەوە بۆ گفتوگۆ لەسەركردنی".
ئاشكراشیكرد نزیكەی هەشت ماددە لە كۆی ئەو 149 ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دوو بۆچوون هەبوون هەردوكیان داناون.
گوتیشی: "لە پەیڕەوەكە ئۆپۆزسیۆن پێناسە كراوە و چەند مافێكی پێدراوە، چونكە ئۆپۆزسیۆن بەشێكە لە بونیادی دیموكراسی وڵات و هەوڵمان داوە مافی زیاتریان هەبێت، هەروەها سەرۆكایەتی چەند لێژنەیەكی هەستیاری وەكو دارایی و نەزاهەشیان پێدەدرێت".