Sarmand Hameed
30 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2022
هەولێر - AA
چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو فیتنەیەی کە روویدا، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوازی نیشتمانیی.
لەو راگەیەندراوەی کە لە چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پێشھاتەکانی دوو رۆژی رابردووی بەغدای پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی عێراق و کشانەوەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکاندا، خستووەتەڕوو.
چوارچێوەی ھەماھەنگی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ بۆ ئەو رووداوانە کە "فیتنەی کوێرانە" ناوی بردووە کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێک و برینداربوونی چەند کەسی دیکە، ھاوکات سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کردووە کە بە ھەڵوێست و قسە و کردارێک بەشدارییان لە وەستانی ئەو فیتنەیە کردووە لەپێناو کۆتاییھێنان بە خوێنڕشتنی رۆڵەکانی نیشتمان.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی ھێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی کراوە بۆ دانبەخۆداگرتن و پابەندبوونیان بە بەرپرسیارێتییەکانی سەریان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لەپێناو رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو فیتنەیەی کە روویداوە و کۆتاییھێنان بەو بارودۆخانە کە یارمەتیدەری دەبن، بوونی ئیرادەیەکی تۆکمە و خێراترکردنی پێکھێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانیی بە پێویست دەزانین کە ئەرکی چاکسازیی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رەتکردنەوەی پشک پشکێنە بگرێتە ئەستۆ و شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەمووان بتوانین لە ئاسایش و سەقامگیریدا بین بە بەشدارییەکی فراوانی سەرجەم ئەو ھێزە سیاسیانەی کە ئارەزووی بەشداریکردنی تێدا دەکەن".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران و دامودەزگا دەستوورییەکانی دیکەی وڵات کردووە دەست بە ئەرکە دەستوورییەکانیان و جێبەجێکردنی کاروباری ھاووڵاتییان بکەنەوە.