Hemn Baban
04 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
ماددەکانی ٥٤ و ٥٥ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێدا، سەرۆک و جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد عەلی زێنی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ رۆژی ١٥ی ئەم مانگە دواخست دوای ئەوەی نە گەورەترین کوتلە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کە دوێنێ بەسترا دیاریکرا و نە لایەنەکان گەیشتن بە رێککەوتن بۆ دیاریکردن و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری عێراق و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە لایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە سەرۆک و هەردوو جێگرەکە ھەڵبژێردرێت.
ماددەی ٥٤ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرکۆمار بە مەرسومێکی کۆماری داوای کۆبوونەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە ماوەی ١٥ رۆژدا لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامە گشتییەکانی ھەڵبژاردن دەکات، یەکەمین کۆبوونەوەش بەسەرۆکایەتی گەورەترین ئەندام لە رووی تەمەنەوە دەبێت و لەو دانیشتنە سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی ھەڵدەبژێردرێت.
لە ماددەی ٥٥یشدا ھاتووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا سەرۆکێک و جێگری یەکەم و جێگری دووەم ھەڵدەبژێرێت کە بە زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەنجوومەن و لە رێگەی ھەڵبژاردنی نھێنییەوە دەبێت.