رابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له کوردستانی عێراق عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز دەڵێ "له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین گه‌نجانمان بچنه سوریا بۆ به‌شداریكردن له‌شه‌ڕ، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی هاوڵاتی سورین و دژی رژێمی ئه‌سه‌د شه‌ڕ ده‌كه‌ن جیهاده، به‌ڵام بۆ گه‌نجانی ئێمه جیهاد نییه".
رابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی لە دیمانەیەکیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی و کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و بەشدارییان لە حکومەت و هەڵوێستیان لە چوونی گەنجانی هەرێن بۆ سوریا بەمەبەستی "جیهاد" دەکا.
له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ده‌ڵێ ره‌وشی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، به‌راورد به جاران باشتره ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ له سنوری سلێمانی هه‌ندێ بارودۆخی تایبه‌ت دروست بوون، وه‌ك رووداوی ته‌قه‌كردن و كوشتن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی غیابی تاڵه‌بانی و كێشه‌ی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه.
رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه رووداوه‌كانی سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه به‌دوو ئیداره‌یی له هه‌رێمی كودستان و دەڵێ "یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی بەتەواوی وای كردوه رووداوه‌كان به‌رده‌وام بن، چونكه تا ئێستاش دوو ئیداره‌یی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی یه‌كێتی سه‌رپه‌رشتی ده‌كا، له هه‌ولێریش ئاسایش پارتی سه‌رپه‌رشتی ده‌كا، هیوادارم رووداوه‌كانی سلێمانی ببێته هۆی یه‌كخستنی هه‌ردوو ئیداره".
بۆ به‌شداریكردن له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌ڵێ "گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌نه‌كان كارێكی زۆر باش بووه، هه‌رچه‌نده بڕیارمان نه‌داوه به‌شداری ده‌كه‌ین یاخود نا، به‌ڵام چاوڕه‌وانی ته‌شكیلكردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و راسپاردنی كاك نێچیرڤان ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمەوە".
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ٢ کورسی هەبوو، هەروەها له كابینه‌ی شه‌ش و حه‌وتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی به‌ڕێوه بردوه، پێشتریش له ئیداره‌ی سلێمانی و ئیداره‌ی هه‌ولێر وه‌زیریان هه‌بووه،
رابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ره‌خنه له شێوازی حوکمڕانیی هەرێم ده‌گرێ و ده‌ڵێ "کاتێ دەچیتە حكومه‌ت ده‌بێ ده‌ستت كراوه بێ و ئه‌و حزبه بتوانێ ئامانجه‌كانی خۆی به‌دی بێنێ، به‌ڵام ئێمه نه‌مانتوانی ده‌ستکراوه بین.
هەر لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەدا ئه‌گه‌ر ده‌ستیان كراوه بوایه، له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف سیستمی ئیداریی وه‌زاره‌ت و وه‌قفه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و قوتابخانه ئاینییه‌كانیان رێك ده‌خست وموچه‌ی زانایانی ئاینییان باشتر ده‌كرد.
له‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی لە وه‌زیره‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی گیراوه کە هاوسه‌نگی لەنێوان ئاینه‌كاندا نەکردوە، عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز ده‌ڵێ "وه‌زیره‌كه‌ی ئێمه جیاوازی لەگەڵ هیچ ئاینێكدا نه‌كردوه، ئێزدی و مه‌سیحی سه‌ربه‌خۆن، زۆر جموجوڵی گروپه تهبشیرییهكانیش هه‌بووه ئهسڵەن حیسابیان بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف نه‌كردوه".
رابه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی لەبارەی هەڵوێستیان لە تێکەڵیی کچ و کوڕ لە ناوەندەکانی خوێندندا دەڵێ "پێویسته به‌رامبه‌ر بڕوانامه خه‌ڵك زانستی پێ بێ، ئه‌گینا كچ و كوڕ له زانكۆ پێكه‌وه بن به‌لای ئێمهوهكێشه نیه".
پاش ده ساڵ رابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ زێدی خۆی كه هه‌ڵه‌بجه‌یه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ساردیی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان گه‌ڕانده‌وه.
لەوبارەوە گوتی "یه‌كێتی تیرۆریان خسته پاڵی ئێمه، ئه‌وه‌ش كارێك بوو له‌ڕووی ئه‌خلاقیه‌وه زۆر خراپ بوو، ئه‌گینا 10 ساڵ پێش ئێستا قایمقام و شاره‌وانی به‌هه‌ڵبژاردن و رێكه‌وتن به‌ده‌ستی ئێمه‌وه بوو، كه‌چی یه‌كێتی هه‌ستان كادیری خۆیان دانا".
كێشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، بۆ پێش 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه، لەو کاتەدا بزووتنەوە هێزی چەکداری هەبوو. لەناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو شەڕ کەوتە نێوان هێزەکانیان و سەدان کەس لەنێوانیاندا کوژران، پاشتر لە ساڵی ١٩٩٧ بە رێکەوتن لەگەڵ ئیدارەی ئەوکاتی سلێمانی کە بەدەست یەکێتییەوە بوو، بزوتنەوە ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانی بەڕێوە دەبرد.،
رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكرێ، سبه‌ی ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
گوتیشی "له‌و گرژیانه‌ی له نێوان بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌كێتی روویان دا بزووتنه‌وه ده‌یان ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی زیانی به‌ركه‌وتووه، پێشتریش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دانیشتووین كه‌چی تا ئێستا قه‌ره‌بووی نه‌كردوینه‌ته‌وه".
رۆیشتنی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ سوریا و به‌شداریان له‌ریزی گرووپە ئیسلامییه چه‌كدارییه‌كان، بابه‌تێكی گه‌رمی میدیاكان و شه‌قامی كوردییه، له‌و باره‌وه عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز گوتی "له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین گه‌نجانمان بچنه سوریا بۆ به‌شداریكردن له‌شه‌ڕ، بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی هاوڵاتی سورین و دژی رژێمی ئه‌سه‌د شه‌ڕ ده‌كه‌ن جیهاده، به‌ڵام بۆ گه‌نجانی ئێمه جیهاد نییه".
هەروەها لەبارەی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا كرێكار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ئەمیری گروپی ئەنسار ئەلئیسلام کە ئێستە لە نەرویج گیراوە، گوتی "لاریمان نییه ئه‌گه‌ر جه‌نابی مامۆستا كرێكار بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاگامان لێی هه‌یه هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی مامۆستا كرێكار ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان نییه ، پێشتریش ته‌كلیفمان كردوه یان قسه‌یه‌كی خێرمان كردوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی بچین بیهێنینه‌وه ئه‌وه‌مان نه‌كردوه".
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی لە کوردستان بەڕەسمی ساڵی ١٩٨٧ راگەیەنراوە، یەکەم رابەری شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بوو، پاش ئەو شێخ عەلی عەبدولعەزیز بوو بە رابەر.
له 21ی ئابی 1999 بزووتنه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی یه‌كیان گرت و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی‌یان پێكهێنا، پاش کەمتر لە دوو ساڵ بزووتنەوە یەکگرتووەکە تووشی لێکترازان هات و چەند حزبێکی لێکەوتەوە، لەوانە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، جوندولئیسلام کە پاشتر ناوی گۆڕا بۆ ئەنسار ئەلئیسلام، باڵی شێخ عەلی عەبدولعەزیزیش وەک میراتگری بزووتنەوە کۆنەکە مانەوە و گەرانەوە سەر هەمان ناوی پێش یەکگرتنەکە.
عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز 12ی كانوونی یه‌كه‌می 1966 له هه‌ڵه‌بجه له‌دایك بووه، له دوایین كۆنگره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا بە رابەری گشتی هه‌ڵبژێراوه، ئێستا له شاری هه‌ولێر داده‌نیشێ.