ئۆردوو
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتی کردنەوە پرۆژەی بەکۆمەڵ لەپارێزگای ئۆردوو لە ئیستەنبوڵ باسی لە ھەڵمەتی دژەگەندەڵی ئیستەنبوڵ و گۆڕانکاریەکانی وڵاتەکەی کرد.
لەبارەی ھەڵمەتی دژە گەندەڵی ئیستەنبوڵ ئەردۆغان گوتی: دەیانەوێ دۆخەکە بقۆزنەوە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەدەست لە تورکیا بێنن ، بەڵام ئێمە رێگە بەم چاڵانە نادەین، بەھێزەوە بەسەر زەویدا رێ دەکەین.
ئەردۆغان لە گوتەکەیدا ئاماژەی بەھاتوھاواری دژ بەپارتەکەی کرد و گوتی: ئێستا بنێشتەخۆشەیەکی تازە دەرچووە، بنێشتەخۆشەیگەندەڵی، ناچێتە دەمی ئێمەوە، بەڵام لەدەمی ئەوان دەوەشێتەوە، ھەم دەوەشێتەوە ھەم بەدەمیانەوە دەنووسێ، لەکاتێکدا ھیچ ئەنجامێک وەرناگرن.
ئەردۆغان گوتی: "خەریکی ھەڵکەندنی چاڵن بۆ ئەم دەسەڵاتە، ئێمە ئەو چاڵە لەناو دەبەین، پشت بەخوا لە ٣ی ئاداردا گەلەکەم ھەموو ئەمانە لە سندوقی ھەڵبژاردن دەخاتە ژێر خۆڵەوە، باوەڕم بە گەل ھەیە، ئێمە چەندین کێشەمان لەناو بردووە، چەندین تەڵەمان پۆچەڵ کردوەتەوە، سنگمان رووبەڕووی چەندین کاری ترسناک کردوەتەوە، دەیانەوێ ئەمانەتی ئێوە لەئێمە بسێنن، ئەمانەتی ئێوەمان نەدایە دەستیان، ئەمانەتی ئێوەمان نەخستە سەر ئەرز، تەماشا بکەن زۆر بەئاشکرا روونی دەکەمەوە، کێشەی ئەوانە لەگەڵ ئێمە نییە، کێشەی ئەوانە لەگەڵ گەل و حکومەت و ئاکپارتی یە."
هەروەها گوتی: "ئەم تەڵە و گێرەشێوێنیە لە دەرەوەی وڵات پلانی بۆ داڕێژراوە، لەلایەن بەڵێندەرەکانی تورکیاوە کراوە، ئێمە لەم کارە سیخوڕی و خیانەتکارییە دەپێچینەوە، لەرێگای یاساوە ئەم لێ پێچینەوەیە بەئەنجام دەگەیەنین، ھیچ کەس و لایەن و گروپ و ناوەندێکی رەش ناتوانێ لەناو وڵاتەکەم کاری نەشتەرگەری بکا، ئیترئەو رۆژانە بەسەر چوون."
سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی وێنەکانی جێگری سەرۆکی ئاکپارتی نومان کورتوڵموش ئەردۆغان گوتی: "بە بڵاوکردنەوەی دیمەنی نابەجێ و ناڕەوشتانە دەیانەوێ کەسایەتیی پاکی جێگری سەرۆکی پارتەکەم لەکەدار بکەن، ئەو ھەڵسوکەوتە نامەردایەتی و بەدڕەوشتیی و بێ شەرەفی و بێ ناموسیە، لەلایەکەوە دەڵێیت ئاینپەروەرم، لەلایەکی ترەوە بەبێ ئەوەی چاوت بنوقێنیت بەرەوشتی نابەجێ و قێزەون کەسایەتی پاک لەکەدار دەکەیت و بوختانی بۆ ھەڵدەبەستی، داوەشێیت، ھەرچی دەکەن بیکەن، ھەرگیز ناتوانن تۆزێکیش زیان بەم ئاینە بگەیەنین، ئەم ئاینە ئازیزە، کتێبەکەمان پارێزراوە، دانە بەدانە ئەو کەسانە دەدۆزینەوە کە کاری نابەجێ و بوختان دەکەن، دەیانخەینە بەردەم دادگا."
ئەردۆغان لەبارەی دادگاوە ھۆشداری دا و گوتی: "دادوەران ئێوەش پیسییەکانی ناو خۆتان پاک بکەنەوە، چونکە ئێوەش وەک ئەڵماس پاک و بریقەدار نین، ئێمەش ھەندێ شت دەزانین، هەندێ کەس بەدوای تۆڵەکردنەوەدا دەگەرێن، بەو توندوتیژیەوە ھەڵدەستن و ھەندێ شت دەکەن، زوو یا درەنگ دەبێ باجی ئەوە کارەی بدا، سەردانەواندن بۆ بەندە نییە، سەردانەواندن تەنیا بۆ خودایە، رێگە بە سەردانەواندن بۆ بەندە مەدەن و پشتگیرییان لێ مەکەن، لەگەڵ یاسا رێ بکەن و سەر بۆ یاسا دابنەوێنن، مەبن بەوانەی ئیرادەی خۆیان بە کەسێکی تر داوە، مەبن بەو کەسانەی ئەقڵی خۆیان پیس دەکەن."
ھەندێ لایەن حەز بەپرۆسەی چارەسەر ناکەن
ھەندێ گروپ و رێکخستن دزەیان کردۆتە ناو دەوڵەت و دەیانەوێ دەوڵەت دروست بکەن، وەک بڵێی دەوڵەت ئیفلیج بکەن و حساب بۆ گەل نەکەن و ھەوڵی تێکدانی پەیوەندیی سیاسیی ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەت دەدەن و خواستی داڕشتنی دیزاینێکی نوێن."
ئەردۆغان بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لەنێو ئەم تەڵەیەدا کاری ھاوبەشی پیس ھەیە، ناوەندێکی رەش و شاراوە حەز بەتورکیای بەھێز و تازە لە ناوچەکەمان و جیھان ناکا، لەنێو ئەم یارییە پیسەدا ئەو دەستە شاراوە رەشە پرۆسەی چارەسەریان ناوێ، ئەوانەن کە دەیانەوێ گەنجەکانمان بمرن و دایکان فرمێسک بەچاوانیان بێتە خوارەوە، لۆبی خوێن مژ ھەیە، رێکخستنێک ھەیە بۆ دەسەڵاتی خۆی و بەرژەوەندیی خۆی ناپاکی لە دەوڵەتەکەی دەکا و ھەست و دەرونی لەدەست داوە، لەنێو ئەم مەسەلەیەدا ھەندێ لایەن کە گەل بایەخیان پێ نادات، ھەندێک پارتی سیاسی ھەن ھەوڵ دەدەن رەوشەکە بۆ خۆیان بقۆزنەوە و وەک ھەموو کات بەشداری لە یارییە پیسەکاندا دەکەن.