هه‌ولێر
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان عه‌لی باپیر له دیدارێكی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی له ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی كورد له‌گه‌ڵ چه‌دارانی داعش كرد.
له‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی گوتی: "ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌یكه‌ن له موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری، داگیركاریه چونكه شه‌ریعه‌تی ئیسلام به‌زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ناسه‌پێنرێ، پێویسته سه‌ره‌تا پرس به خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت. ئه‌وه‌ی داعش‌یش به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات حه‌قه وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیه‌كه‌ی بدێرتهوه".
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان عه‌لی باپیر به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایه‌وه.
ئانادۆڵو: حه‌فته‌ی رابردوو پێنج سه‌ركرده‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه، ئێستا كورد چۆن خۆی بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌تی نوێی عێراق ئاماده كردووه؟
عه‌لی باپیر: به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان. حه‌فته‌ی رابردوو سه‌ركرده سیاسییه‌كان، به به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد. له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق هه‌موومان كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتگیری له هه‌ڵوێستی سهركۆمار بكه‌ین بۆ كاندیدكردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپێردراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. بڕیاریشماندا قسه‌ی خۆمان هه‌ڵبگرین بۆ ئه‌وكاته‌ی كه عه‌بادی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت. وه‌ك كورد مه‌رجی خۆمان ده‌بێ بۆ پشتگیریكردن له عه‌بادی. مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ده‌بێ كێشه‌كانی رابردووی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێ ئه‌گینا پشتگیری له سه‌رۆك وه‌زیران ناكه‌ین.
ئانادۆڵو: ئێستا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ عه‌بادی له‌گه‌ڵ نوری مالكی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڕێزت بۆچوونت چیه؟
عه‌لی باپیر: له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كان گوتم گرنگ گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد بگۆڕدرێت. به‌باشی نازانم هه‌ر له ئێستاوه حه‌یده‌ر عه‌بادی تۆمه‌تبار بكه‌ین. پێویسته كاتێك له نزیكه‌وه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ كرد و مه‌هام و بهرنامهكانیمان زانی ئه‌وكاته ده‌كرێ بڕیار بده‌ین داخۆ باشه یان خراپه، بۆیه ده‌بێ چاوه‌ڕێ بكه‌ین. پێویسته عه‌بادی یان هه‌ركه‌سێك ده‌بێته سه‌رۆك وه‌زیران، وانه‌ی له نوری مالكی وه‌رگرتبێ كه عێراقی به‌ره‌و دۆخێكی خراپ بردووه و جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی دروستكرد.
ئانادۆڵو: پێت باشه كورد جارێكی دیكه رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. له پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق؟
عه‌لی باپیر: پێموانیه ئه‌وه رووبدات، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت پێویسته سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو به یه‌ك چاو و دادپه‌روه‌رانه سه‌یری هاوڵاتییانی عێراق بكات، جیاوازی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب و مه‌سیحی و موسڵمان و.. هتد، نه‌كات. ئه‌گه‌ر كوردیش ده‌ستی له‌كردنه‌وه‌ی گرێیه‌ك هه‌بێت، ئه‌مه خاڵی به‌هێزه. پێویسته ئه‌م رۆڵه‌ی كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كورد بقۆزرێته‌وه كه تا ئێستا ده‌ستمان نه‌كه‌وتووه.
ئانادۆڵو: كورد له عێراق تاچه‌ند خۆش به‌خت بووه؟ ئه‌گه‌ر خۆش به‌خت نییه، بۆ جیانابنه‌وه؟
عه‌لی باپیر: سه‌ربه‌خۆبوون، مافێكی ره‌وایه ده‌بێ كورد ئه‌و كارته‌ی هه‌میشه به‌ده‌سته‌وه‌بێت و نابێت ته‌نازولی لێ بكه‌ین. بۆ مانه‌وه‌شمان له‌عێراقدا ده‌بێ رۆڵی باشمان هه‌بێ تا ئه‌وكاته‌ی جیا ده‌بینه‌وه. سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵومه‌رجی ده‌وێ، بێگومان ده‌وڵه‌تی كوردی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و دبلۆماسی و سه‌ربازی ده‌وێ. هه‌روه‌ها زه‌مینه سازی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وێ، به‌داخه‌وه له‌رۆژانی رابردوو كه داعش شه‌ڕی به‌هه‌رێمی كوردستان فرۆشت زۆر شت ئاشكرا بوو كه ئێمه پێویستمان بهچاوخشانهوه به سیسته‌می سیاسی و سه‌ربازی و هتد هه‌یه.
ئانادۆڵو: بۆچوونتان چیه له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری توركیا؟
عه‌لی باپیر: توركیا له ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌نگاوی باشی ناوه. پیرۆزبایی له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م بۆ سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری توركیا، پێموایه ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵا گویل و ئاكپارتی هه‌نگاوی باشیان ناوه. له‌بواری چه‌سپاندنی دادوه‌ری و ئابوری رۆڵی باشیان بینیوه، به تایبه‌ت بۆ ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ كورد له توركیا كه ده‌یان ساڵه كورد له توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ تورك هه‌بووه. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێ كه ئاكه‌په بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش باش بووه. به‌تایبه‌تی ئه‌رمه‌ن و قوبرس و گه‌لانی دیكه. هه‌روه‌ها پشتگیری باشی هه‌بووه بۆ گه‌لانی چه‌وساوه به‌تایبه‌ت گه‌لی فه‌له‌ستین و میسر. ئومێده‌وارم ئه‌ردۆغان رۆڵی زیاتر بگێڕێ له بواری ئاشته‌وایی نێوان تورك و كورد چونكه كورد میله‌تێكی مه‌زڵومه و حه‌قی خوراوه. بۆچی كورد و تورك وه‌ك دووگه‌لی موسڵمان خوێنی یه‌ك بڕێژن؟ كاتی خۆی كه‌مالیزم و عه‌لمانیه‌ت ئه‌و خوێن رشتنه‌ی دروستكرد.
ئانادۆڵو: بۆچی ئه‌مساڵ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی فه‌له‌ستین هیچ هه‌ڵوێستێكتان نه‌بوو؟
عه‌لی باپیر: هه‌ڵوێستمان هه‌بووه.، به‌ڵام ئه‌مجاره راسته هه‌ڵوێستمان وه‌ك پێویست نه‌بوو دژی ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به گه‌لی بێ‌تاوان و مه‌زڵومی فه‌له‌ستین ده‌كرێ له لایه‌ن قه‌واره‌ی زایۆنیزیمهوه، ره‌نگه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و گرژی و ئاڵۆزیانه‌وه هه‌بووبێت كه عێراقی گرتۆته‌وه و دواتر رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوایه، به‌داخه‌وه ئه‌وان بێده‌نگبوون له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی دژی فه‌له‌ستین كرا. پرسیار ئه‌وه‌یه كه بۆچی ئه‌مریكا ده‌ستی جوله‌كه ناگرێت. ئه‌م بێ هه‌ڵوێستییه‌ی ئه‌مریكا و روسیا و چین و وڵاتانی زلهێز پێچه‌وانه‌ی بانگهشهكانیانه كه باسی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن.
ئانادۆڵو: له كوردستان، ئه‌و سۆز و عاتیفه بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین كه‌متره. پێتوانیه هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه ئیسرائیل زۆر باسی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كا، به‌ڵام فه‌له‌ستینییه‌كان كه‌متر؟
عه‌لی باپیر: ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بێ هه‌ڵوێست بێت، جێی پرسیاره؟ چونكه تۆ برا موسڵمانه‌كانت عه‌ره‌ب و ئه‌فغانی و فارس بن، هه‌رچی بن موسڵمانن و ئیمان و ئایین كۆیان ده‌كاته‌وه، ده‌بێ موسڵمانان هاوسۆزی و دینداری یهكیانبخاتهوه و پێویسته هه‌ست به ئازاری یه‌كتر بكه‌ین. موسڵمانی فه‌له‌ستینیش هیچ كات رێگرنه‌بوون له به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی كوردی. پێموانیه هیچ كات جولكهكه خێری لێ چاوه‌روان بكرێت. ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن با له‌گه‌ڵ گه‌لی فه‌له‌ستین دانیشن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ده‌بوو ئێمه ئه‌و كڵاوهمان بچێته سه‌ر، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له بیربێت كاتی خۆی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده شۆڕشگێره‌كانی فه‌له‌ستین هه‌بووه.
ئانادۆڵو: خوێندهنهوهت بۆ چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش چیه؟
عه‌لی باپیر: ئه‌وان پێشتر له سوریا بوون، دواتر به‌هۆی ئه‌و شێوه حوكمڕانیه‌ی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سونی له عێراق په‌یدابوو و به هۆی سیاسه‌تی تاكڕه‌وی نوری مالكی بۆشایه‌ك په‌یدا بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد داعش بێت ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه. ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو سوپای عێراق شكا و هه‌ڵهات و داعش هاته عێراق. سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌كانیان، داعش كۆمه‌ڵێك بانگه‌شه و ئیدیعایان هه‌یه به‌ڕاستی پشت ئه‌ستور نییه به ئیسلامه‌وه هه‌رچه‌نده به‌ناوی ئیسلام قسه ده‌كه‌ن وه ناشڵین نا موسڵمانن، به‌ڵام ئیدیعاكانیان پشت ئهستورنییه به شه‌رع. ئه‌وان باسی ده‌وڵه‌تداری ده‌كه‌ن، ئێ باشه ئیسلام ئاوا ده‌وڵه‌ت بونیات ده‌نێ؟ كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌بێ پرس و ویستی خه‌ڵك هه‌ڵ بكوتێته سه‌ر خه‌ڵك كه ئێستا داعش ئه‌مه ده‌كات ئه‌مه ئیسلامه‌تیه؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) چۆن ده‌وڵه‌تی دامه‌زراند؟ 13 ساڵ خۆڕاگربوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئێش و ئازاره‌ی رووبه‌ڕووی بۆوه، دواتر خه‌ڵكی یه‌سرب كه پاشان ناونرا مه‌دینه، هاتن جارێكیان 12 كه‌س په‌یمانی یه‌كه‌می عه‌قه‌به‌یان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر به‌ست پاشان 75 كه‌س كه دوانیان ئافره‌ت بوون، په‌یمانی دووه‌می عه‌قه‌به‌یان به‌ست، له‌سه‌ر ئه‌و دوو په‌یمانه پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) موڵهتیدا به یاوه‌رانی كۆچ بكه‌ن بۆ مه‌دینه و خۆیشی كۆچیكرد، كه‌واته ده‌بێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زوومه‌ندانه بێ و خه‌ڵك رازی بێت. نه‌ك به‌زۆر خۆت بسه‌پێنی به‌سه‌ر میله‌تان. خۆ سه‌پاندن شه‌رعی نییه. ئه‌گه‌ر له داعش ورد ببینه‌وه، هاتووه خه‌لیفه‌ی داناوه بێ ئه‌وه‌ی موسڵمانان بیناسن، هیچ به‌رنامه و تهقهوایهكی دیارنییه. ئه‌وان موسڵیان داگیركردوه، كه‌چی خه‌لیفه‌یان بۆ هه‌موو شوێنه‌كانی دیكه داناوه، ئه‌مه زۆر نامه‌نتقییه، نه خه‌لیفه‌ی موسڵمان وا ده‌بێ و نه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌و شێوه‌یه. سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، باشه ئه‌وه‌ی ئیستا داعش ده‌یكات، شه‌ریعه‌ت وا جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ شه‌ریعه‌ت بۆ به‌خته‌وه‌ری و دادوه‌ری و په‌روه‌رده و پهیوهستكردنه به خوای گه‌وره. جارێ ده‌بێ هه‌موولایه‌ك بزانن شه‌ریعه‌ت له خزمه‌تگوزاری و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، نه‌ك له سزادان، به‌ڵام ئه‌وان دێن حوكمی ئیسلام له سزاداندا ده‌بیننه‌وه كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه، سزادان له كۆتایی حوكمی شه‌ریعه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌ین، سزای كوشتنه‌وه و داوێن پیسی و زۆر شتی دیكه پاش ئه‌وه جێبه‌جێكراوه كه كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌كراوه، خزمه‌تگوزرای بۆ دابینكراوه و حوكمی ئیسلام وه‌رگیراوه، به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه بێیت خه‌ڵك سزا بده‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانی حوكمی ئیسلامیان ده‌وێ، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه.
ئانادۆڵو: ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات جۆرێك نییه له داگیركاری؟
عه‌لی باپیر: به‌ڵێ جۆرێكه له داگیركاری، چونكه ئه‌وان به‌زۆر هاتوونه‌ته سنوره‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه بكه‌ن، ئه‌مه پێی ناگوترێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت و خه‌لافه‌ت. جا خۆ ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی ئیستا داعش ده‌یكات مه‌سیحی و ئێزدی ده‌ر ده‌كات، پێشتر هه‌بوایه ده‌مێك بوو له ماوه‌ی 13 سه‌ده له وڵاتانی ئیسلامی شوێن كه‌وتوانی ئایینه‌كانی دیكه جێگایان نه‌ده‌بۆوه.
ئانادۆڵو: به‌شێك له مامۆستایانی ئایینی شه‌ڕ دژی داعش به جیهاد ده‌زانن و به‌م هۆیه‌وه به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی كوردستان چوونه شه‌ڕی دژی داعش و بهتیرۆرستیان ناوده‌به‌ن، به‌رێزت هه‌مان تێڕوانینت هه‌یه؟
عه‌لی باپیر: قه‌ناعه‌تم وایه هه‌ركه‌سێك زوڵم له كه‌سێكی تر بكا پێویسته وه‌ڵام بدرێته‌وه و خوای په‌روه‌ردگار به‌پێویستی زانیوه زوڵملێكراو به‌رگری له‌خۆی بكات. به به‌ڵگه‌ی چی؟ خوای گه‌روه ده‌فه‌رمێ هه‌ركه‌سێك ده‌ست درێژی كردنه سه‌ر، ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌وه سه‌ر واته وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، ئێستاش ئه‌وه‌ی داعش به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، حه‌قی خۆیه‌تی به‌رپه‌رچی بده‌یته‌وه و وه‌ڵامی ده‌ستدرێژیه‌كه‌ی بده‌ینه‌وه.
ئانادۆڵو: داعش چی ده‌وێ له كورد؟
عه‌لی باپیر: ده‌بێ ئه‌وان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه. پێموایه ئه‌و رێكخراوه ئه‌گه‌ر پابهندبونایه به بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام و له‌شه‌ریعه‌ت بگهشتبانایه، جارێ نه‌ده‌بوو هه‌ڵبكوتنه سه‌ر خه‌ڵك به‌وشێوه‌ی ئیستا. پاشان ئه‌وان ده‌ڵێن بۆ به‌رگری له خه‌ڵكی سونه هاتووینه‌ته عێراق، ئی خۆ نیوه‌ی سونه‌كان هه‌رێمی كوردستان هاوكاری كردوون و په‌نای داون، ده‌بوایه سوپاس و ده‌ستخۆشی هه‌رێمیان بكردایه نه‌ك شه‌ڕمان پێ بفرۆشن. ئیستا ئه‌وان له موسڵ ئه‌وه‌ی من بزانم خه‌ڵكیان بێزار كردوه. مه‌زارگه‌ی ئایینیان تهقاندۆتۆتهوه، ئه‌مه كه‌ی دینی ئیسلام وای گوتووه. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی شه‌رعه.
ئانادۆڵو: ئێوه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی شه‌ڕ دژی چه‌كدارانی داعش بكه‌ن؟
عه‌لی باپیر: وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی هێزی چه‌كدارمان نییه، كاتی خۆی كه ئه‌مریكا عێراقی داگیركرد، باره‌گاكانمان موشه‌ك باران كران. خۆم ده‌ستگیركرام و مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه. به‌داخه‌وه حزبه حوكمڕانه‌كانی ئه‌وسا كه ئێستاش حوكمڕانن، ئه‌وانیش هاوكاری ئێمه‌یان نه‌كرد به‌پێچه‌وانه‌وه كادری زۆری ئێمه‌یان ده‌ستگیركرد و هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئێمه بێ به‌شكراو ده‌رگا به‌ڕووماندا داخرا. ئیستا هێزی سه‌ربازیمان نییه، به‌ڵام كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئه‌وه‌ی پێی ده‌كرێ دیفاع له كوردستان ده‌كات. له‌خوا به‌زیاد بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی زۆرمان هه‌یه له كوردستان ئه‌گه‌ر باش ئاماده بكرێن. هه‌ركاتێكیش پێویست به ئێمه بوو ئاماده‌ین دفاع له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.
ئانادۆڵو: ئه‌گه‌ر هه‌ر پێشهاتێك روویدا. ئێوه ئاماده‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش بكه‌ن؟
عه‌لی باپیر: گفتوگۆ بۆچی؟ ئه‌گه‌ر گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌بێت رۆژێك ئه‌وان ئه‌م شه‌ڕه‌ی خۆیان له كۆڵی ئێمه بكه‌نه‌وه. گفتوگۆ شتێكی باشه شه‌ڕ به‌گفتوگۆ له خۆمان دوور بخه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان گوێ له‌كه‌س ناگرن ده‌یان زانای ئایینی باوه‌ڕپێكراو رێنمایی داعشیان كردوه. به‌ڵام ئه‌وان گوێ له‌كه‌س ناگرن.
ئانادۆڵو: واهه‌ست ده‌كرێ ئیسلامییه‌كان بێده‌نگن له‌سه‌ر پرسی داعش وایه؟
عه‌لی باپیر: نه‌خێر بێده‌نگ نین، راگه‌یاندن كاریگه‌ری هه‌یه بۆ گه‌یاندنی ده‌نگمان پێشتریش له‌سه‌ر داعش قسه‌م بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و سكای نیوز كردووه، پێموایه یه‌كگرتووی ئیسلامی و خه‌ڵكی تریش قسه‌یان كردوه.
ئانادۆڵو: بۆچوونت چیه له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ژنانی مه‌سیحی و ئێزدی كه وه‌ك ده‌گوترێ وه‌ك سه‌بایه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ؟
عه‌لی باپیر: ئه‌سڵی ده‌ركردن و ده‌ست به‌سه‌ركردنی خه‌ڵك به هه‌ڵه ده‌زانین. ئه‌گه‌ر داعش ئه‌مه به‌كاری ده‌وڵه‌تداری ده‌زانێ، ئه‌وان پرسیان به‌كێ كردوه؟ خۆ داعش خه‌ڵك هه‌ڵی نهبژرادوون. به‌دیلگرتنی ئافره‌تان و كوشتنی هاوڵاتی بێ گوناح له به‌رنامه و پرۆگرامی شه‌رعدا جێی نابێته‌وه.
ئانادۆڵو: سه‌باره‌ت به ده‌نگه‌وه‌هاتنی ئه‌مریكا بۆ هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بۆچوونت چیه؟
عه‌لی باپیر: به‌هاناوه هاتنی ئه‌مریكا كارێكی باشه، به‌داخه‌وه نه‌ده‌بوایه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش كارێكی وایبكردایه ئێمه پێویستمان به ئه‌مریكا هه‌بێ، ئه‌وه چ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامییه له جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشی له هه‌رێم بكا خه‌ڵكی سونه‌ی داڵده‌داوه. كه‌چی كارێكی وایانكرد پێویستیمان به ئه‌مریكا هه‌بێ و داوا له ئه‌مریكا بكه‌ین بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌مان هاوكاریمان بكات.
ئانادۆڵو: پێش ئه‌م رووداوانه زۆر باس له ده‌وڵه‌تی كوردی كرا، به‌ڵام ئێستا به‌وشێوه‌یه نییه، پێتوایه هاتنی داعش و دروستبوونی ئه‌م دۆخه بۆ له‌باربردنی بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی بووبێت؟
عه‌لی باپیر: نازانین پلانی نێوده‌وڵه‌تی چ هێزێك له پشت داعشه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه هه‌یه له باشوور یان باكوور و رۆژئاوا‌و و رۆژهه‌ڵات، مافێكی ئینسانی و شه‌رعی خۆمانه ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی خۆمان هه‌بێت. به‌ڵام كه‌ی ئه‌و مافه به‌ده‌ست ده‌هێنرێت، ئه‌مه زه‌مینه‌سازی ده‌وێ، راسته ئه‌و دۆخه‌ی ئێستاش كه به‌بۆنه‌ی داعشه‌وه دروستبووه، باسكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی كاڵ كردۆته‌وه.
news_share_descriptionsubscription_contact

