خورماتوو
پاش ئەوەی لەماوەی هەفتەی رابردوو چەكدارانی رێكخراوی داعش لەسێ قۆڵەوە هێرشیان دەست پێكرد بەمەبەستی كۆنتڕۆڵ كردنی قەزای دووزخورماتوو، بەڵام سەرجەم هێرشەكان بەتوندی بەرپەرچ درانەوە و بە گوتەی فەرماندەیەكی مەیدانی هێزی پێشمەرگەش لەو قەزایە، لەهێرشەكانی هەفتەی رابردووی چەكدارانی رێكخراوی داعش (87) چەكداریان لێ كوژراو برینداربووە.
بە پێی زانیارییەكان لەئێستادا هەردوو گوندی (ئینكینجە و سەلام) كە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی رێكخراوی داعشە و بەردەوام لەو ناوچانەوە هێرشەكانیان دەست پێ دەكەن بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە.
بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانش دەڵێت: "رێكخراوی داعش توانای شەڕكردنی نەماوە لەم سنورە و شكستی هێناوە".مەلا كەریم شوكر بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "پاش ئەوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەكی هاوسنوری دووزخوماتوو داگرت، هێزێكی زۆری پێشمەرگە گەیشتنە سنورەكە بەمەبەستی پارێزگاریی كردن لەقەزای خورماتوو و رێگری كردن لەپێشڕەوی كردنی چەكدارانی داعش بۆ ناو قەزای خورماتوو.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئێمە لێرەوە خەڵكی قەزای خورماتوو دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە هێزێكی پتەوە و خاوەن ئەزمونە، و چەندین جۆر چەكی قورسی هەیە و لەتوانایدایە شەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بكات لەسنورەكە.
لای خۆیەوە فەرماندەیەكی مەیدانی هێزی پێشمەرگە لەقەزای خورماتوو ئاشكرای كرد، "لەهێرشی چەكدارانی داعش كە لە سەرانسەری هەفتەی رابردوودا لەسنوری قەزای خورماتوو ئەنجامیاندا بەمەبەستی پێشڕەوی كردن، (87) چەكداریان لێ كوژراو بریندار بووە".
لەمبارەیەوە جێگری فەرماندەی میحوەری قەزای خورماتووی هێزی پێشمەرگە، كەماڵ قادر بەئاژانسی ئانادۆڵوی گوت:" هێزەكانی پێشمەرگە بەرپەرچی سەرجەم هێرش وپەلامارەكانی چەكدارانی داعش یان داوەتەوە".
گوتیشی، "بەپێی ئەو ئامارانەی لە نەخۆشخانەی پارێزگای سەلاحەدینەوە لە رێگای سەرچاوە تایبەتەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، تەنها لەماوەی هەفتەی رابردوو لە ئەنجامی هێرش وپەلامارەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە 70 چەكداری داعش كوژاروە و 17 چەكداری دیكەشیان بریندار بووە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگە، "لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا یەك پێشمەرگە شەهید بووە و حەوت پێشمەرگەی دیكەش بریندار بووە".
بەپێی زانیارییەكان، ئەو چەكدارانەی داعش كە لەو سنورەدا شەڕ لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن بەشێكی زۆریان خەڵكی گوندی (ئینیكجە و سەلام)ن كە ئێستا ئەو دوو گوندە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشە.
قەزای دووزخورماتوو دەكەوێتە خۆرئاوای شاری كەركوكەوە 70كم لەپارێزگای كەركوكەوە دوورە، هەرچەندە پێشتر ئەو قەزاییە سەر بەپارێزگای كەركوك بووە، بەڵام لەساڵی (1976) ئەو قەزایە خرایە سەر پارێزگای تكریت.
دانیشتوانی ئەو قەزایە لەهەر سێ نەتەوەی (كورد وعەرەب وتوركمان) پێكهاتوون.