ھەولێر
دوای ئەوەی قەزای مەخموور و دەورووبەری لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵ كرانەوە چەكدارانی داعش ھەموو رێگەیەكیان بەكارھێنا تا میحوەری گوێڕ - مەخموور بشكێنن بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە تا ئێستا لەو میحوەرە گەورەترین سەركەوتنیان تۆمار كردووە و خەڵكی ناوچەكەش بۆ شوێنی خۆیان گەڕاونەتەوە.
فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور لیوا زریان شێخ وەسانی لە بارەی رەوشی ئێستای پێشمەرگە و ناوچەكە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو ناوچەیە رەوشی پێشمەرگە رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت و پێشمەرگە بە بیر و باوەری كوردایەتی بەرگری لە خاك دەكات و ئیتر داعش ناتوانێت شكست بە پێشمەرگە بھێنێت".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ھەروەھا گوتی:"چەند مانگێك بەر لە ئێستا داعش زیاترین ھێرشیان دەكردە سەر میحوەری گوێر- مەخموور بەڵام نەیانتوانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بشكێنن ئەوان ئیتر ھیچ توانای ھێرشكردنیان نەماوە و رێگە دەگرنە بەر تا زەویەكانی ئەو ناوچەیە مینڕێژ بكەن یا خۆد لە رێگەی دزە كردنەوە ھێرشی بچووك بچووك بكەن و پاشەكشە بكەن، ھەروەھا لەو ناوچەیە ھەموو تاكتیكەكانی داعش تووشی شكست هاتووە".
زریان شێخ وەسانی لە بارەی ترسی داعش و ھێرشەكانی پێشووی داعش گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێمە تەنیا ١٢ كیلۆمەتر لە پردی گەیارە دوورین داعش لە سەرتاسەری ناوچەكانی ژێر دەستی خۆی ھێزی دەھێنا تاكۆ شكست بە میحوەری مەخموور بھێنێت بەڵام خۆشبەختانە ئەوان نەیانتوانی هیچ بكەن".
شێخ وەسانی سوپاسی ھێزی ھاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و گوتی:" ھێزەكانی ھاوپەیمانان و بە تایبەتی ئەمریكا لە ئاسمان شەڕیان دەكرد و ئێمەش لە سەر زەوی پێكەوە ئەو سەركەوتنەمان بەدەست هێنا".
لە بارەی ھەبوونی حەشدی شەعبی یا خۆد ھێزێكی دیكەی بێجگە لە پێشمەرگە گوتی: "لەو ناوچەیە تەنیا پێشمەرگەی كوردستان شەڕی كردووە و ئەو ناوچەیەی پاراستووە بەڵام ھەندی چەكداری عەرەبی سوننە ھەن كە خەڵكی گوندەكانی دەورووبەری مەخموورن ئەوانیش دەیانەوێت گوندەكانی خۆیان بپارێزن و لە دژی داعش شەڕ بكەن".
لە بارەی چەكدارانی عەرەب و مەترسیان بۆ سەر پێشمەرگە گوتی: "شەری پێشمەرگە لە دژی داعش شەڕی كورد و عەرەب نییە ھەرچەندە عەرەبێكی زۆر لە نێو چەكدارانی داعش لە دژی پێشمەرگە شەڕ دەكەن، لە ھەمان كاتدا عەرەبی باشیش ھەیە و ھەرگیز ئێمە لە گەڵ ئەو خەڵكە عەرەبانە شەڕ ناكەین كە خەڵكی مەدەنین و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن و داوا لە ئەو كەسانەش دەكەین كە بە ھەر شێوەیەك چوونەتە رێزی داعش با بگەرێنەوە و لە دژی ئەوان شەڕ بكەن و سەر و سامانی خۆیان بپارێزن".
لە بارەی ئوپەراسیونی مووسڵ ئەو فەرماندەیە گوتی: "وەك ھێزی پێشمەرگە چاوەرێ بڕیاری سەركردایەتی كوردین ھەر كاتێك بڕیار درا ئێمە نەك مووسڵ بەڵكو ھەر ناوچەیەكی دیكەش دەتوانین رزگاری بكەین".