بەغداد
بەرپرسانی ئەمنی بەغدا بە بیانووی ئەمنیەوە، لە ئێستادا رێگەنادەن ئەو ئاوارانە بچنە شارەكەوە، ئەمەش نیگەرانیەكی زۆری خەڵكی لێكەوتۆتەوە و چاوەڕوانی كارەساتی مرۆیی لێ دەكرێت.
ناوبەناو مشتومڕی توند لەنێوان ئاوارەكان و سەربازەكاندا دروست دەبێت و ناوبەناو بەهۆی گەرمای بەتینی هاوین و نەبوونی ئاو و خۆراك، هەندێك لە ئاوارەكان كە منداڵ و پیر و پەككەوتەیان تێدایە، دەبورێنەوە.
هەرچی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستیە، تەنیا ئەو كەسانە دەگوێزێتەوە كە دۆخی تەندروستیان زۆر سەختە.
عەبدلباست خەڵەف یەكێكە لەو كەسانەی رێگەی پێنادرێت بچێتە ناو بەغدا و ئاماژە بەوە دەكات كە لە گەڵ خێزانەكەیدا ماوەی حەوت رۆژە لە بیابان ماوەتەوە و داوا دەكات كە بەرپرسان و سیاسەكانی ئەنبار بێن و بارودۆخیان ببینن.
خەڵەف ئاماژە بەوە دەكات كە داعش منداڵێكی تەمەن سێ ساڵی ئەوەیان كوشتووە و لەئێستادا ئەوەی لە پردەكە تێپەربێت، وا هەست دەكات چۆتە كەعبە.
دایكی جاسم كە نەخۆشی گورچیلەی هەیە و یەكێكی ترە لەو كەسانەی كە خەڵكی بەغدایە و بۆ رادەست كردنی ئامانەتیەك چۆتە ئەوێ بەڵام ئێستا ریگەی نادەن بچێتەوە بۆ شارەكەی و چەندین رۆژە چاوەڕێ دەكات.
لە رێگەی یونیسێفەوە، لەمانگی نیسانی رابردوو، ٣٠ چادر لە نزیك پردی بزێبز جێگیر كراوە و زیاتر لە ٨٠ خێزان تێێدا نیشتەجێن.
فەلاح محەمەد بەرپرسی كەمپەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ژیان لەناو كەمپەكەدا زۆر ئەستەمە بەهۆی گەرمای بەتینەوە و هیچ كارمەندێكی حكوومیش نەچووە بەلای كەمپەكەوە و گوێ لە داواكاریەكانیان بگرێت.
جەبار یاسر ئەبو فەرەج كە دوو كوڕی لەلایەن داعشەوە لەسێدارە دراوە، ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا وێنەی كوڕە لەسێدارەدراوەكانی لەگیرفاندایە كەلەكاتی كوشتنیان لەلایەنداعشەوە گیراوە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە تەرمی كوڕەكانیان پێنەداوەتەوە و ئێستاش هەردوو گورچیلەی ناتەواون.
ناوبراو دەڵێت: "ئەمە پاداشتی باوكی دوو شەهیدە ؟ كوشتنی كورەكانم، توانام نییە بەپێوە بوەستم".
ماوەیەكی زۆرە داعش ،كۆنترۆڵی چەند ناوچەیەكی ئەنباری كردووە و لە ١٥ی ئەم مانگە، هێرشی توندی بۆسەر رومادی دەستپێكرد و زۆرێك لە دانیشتوانی بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن، دوای ئەوەی لە ١٧ی ئایار رومادی كەوتە دەست داعش، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە ٢٥ هەزار خێزان پەنایان بۆ بەغدا بردووە و دوای دۆزینەوەی كەفیل لەو شارە و ناوچەكانی تر جێگیر دەكرێن.