ھەولێر
وا بڕیارە شەممەی داھاتووی ٥-١٠-٢٠١٣ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەولێر کۆببێتەوە و چوار خاڵی سەرەکی تاوتوێ بکات.
شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" بڕیارە لەو کۆبوونەوەیە ھەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانانی بەرنامەیەکی تر بۆ قۆناغی پاش ھەڵبژاردن، بەشداریکردن لە حکومەت و میکانیزمەکانی و ئاراستەکەی کە چۆن بێت، ھەروەھا بەستنی پیلینیۆم گفتوگۆ بکرێت ".
لەبارەی بۆچوونی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیشەوە لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روونی کردەوە کە یەکێتی بۆ قوڵکردنەوەی گیانی دیموکراسی ئەرکێکی قورسی لە ئەستۆ گرتووە و بە ئەنجامەکان رازی بووە، ھۆکاری ئەوەی کە بەشێک لە بەرپرسانی حزبەکەشی بە" شکست"یان زانی پاش ئەوەی لە ھێزی دووەمەوە یەکێتی بووە ھێزی سێھەم لە کوردستاندا پاش لەدەستدانی ١١ کورسیی پەرلەمانی لە نێوان ھەردوو ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ، شۆڕش ئیسماعیل گووتی" یەکێتی خۆی و بەرپرسانی باڵای حزب بەرپرسن لەو ئەنجامە لەسەرەوە تا خوارەوە کە نەمانتوانیوە ئەو بەرنامانەی ھەمانبووە بەشێوەیەکی رێک و پێک جێبەجێی بکەین".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستھێنانی ٣٨ کورسی لەکۆی ١٠٠ کورسی لە لوتکەدا مایەوە. بێجگە لە ١١ کورسییەکەی کەمینەکان کە بە کۆتا دەناسرێت، ئەوەی نەخشەی سیاسیی ھەرێم دەگۆڕێت و راچەڵەکاندنی یەکێتیی بەدوای خۆیدا ھێنا، ھاتنەسەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕانە کە تەنھا پێنج ساڵە دامەزراوە و بوونی بە ھێزی دووەم پاش ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٩ لە سێھەمدا بوو. گۆڕان لەم ھەڵبژاردنە ٤٤٦ ھەزار و ٩٥ دەنگی بەدەستھێنا و یەکێتیش کە ھاتە پلەی سێھەم ٣٢٣ ھەزار و ٨٦٧ دەنگی بردەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرباری قبوڵکردنی ئەنجامەکان، ئەم رووداوەی بۆ یەکێتی بە" شکست" ناوبرد.