ئیستانبوڵ
نووسەرو ئەندامی ئەنجومەنی بیرمەندان (موحسین قزلقایا) لەبارەی ھەڵگیرانی قەدەغە لەسەر پیتە کوردییەکان لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن گوتی " لەمەودوا فەرمانبەرانی فەرمانگەی ناسنامە لەکاتی داخڵکردنی ناوە کوردییەکان ناتوانن بڵێن ئەو پیتە لە ئەلفبێ دا نییە. ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ کوردەکان. چونکە لەمەوپێش لە مەسەلەی پیتەکاندا گرفتیان بۆ دروست دەبوو. ئەو پاکێجە دەبێتە ھۆی دەوڵەندکردنی رۆشنبیریی".
قزلقایا بۆئاژانسی AA گوتی "X،Q،W وەکو فۆنەتیک لە زمانی تورکی دا ھەیە، بەڵام وەکو پیت نانووسرێ. ئەوە چاوپۆشی لێکرابوو و کوردەکانیش لێ بێ بەشکرابوون، بێگومان ئەو ھەنگاوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەسەر لەوحەکانی شوێنی کاریش جێبەجێ دەکرێ و ھاووڵاتیانیش سەرپشکن چ ناوێک لە شوێنی کارەکانیان ھەڵدەواسن".
قزلقایا لەبارەی گۆڕینی ناوی گوندی کوردەکان کە ئەو بە ستەم لێکردن وەسفی دەکا گوتی "گۆڕینی ناوی گوندو شارە کوردییەکان ستەمێکی زۆر گەورە بوو لە گەلی کورد کرا. زۆربەی گوندو شارەکان کەوتنە بەر شاڵاوی تورکچێتی و ناوەکانیان کرایە تورکی. پاشان ژیانێکی تورکانەیان بەسەردا سەپێنرا دوای ٧٠ ساڵ دەرکەوت ئەوە کارێکی ھەڵە بووە".
قزلقایا خوێندن بە زمانی کوردیی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا بە سوپرایزێکی پاکێجی دیمەکراتیزاسیۆن ناوبردو گوتی " ئەو بڕیارە گۆڕانکارییە لە دەستووری وڵات. ئەو ھەنگاوانە لەدیدی خەڵکی کورد زۆر گرانبەھایە بەڵام سیاسەتوانانی کورد زۆر بایەخی پێنادەن".