رۆژی چوار شەممە 25ی كانوونی یەكەم شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی عیماد ئەحمەد و چەند وەزیر و راوێژكارێك سەردانی شاری بەغدایان كرد و بڕیار وایە لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیكەی بەغدا كۆببنەوە.
پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەراینی عێراق نەجیبە نەجیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو سەردانەی وەفدی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ دەكرێ لەوانە پرسی نەوت بەتایبەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و رێكەوتنی هەرێمی كوردستان توركیا هەروەها پرسی بودجەی 2014 و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق."
نەجیب گوتیشی: "ماوەیەكە بەغدا هەرەشەی ئەوە دەكا پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە كوردستان كاردەكەن، لەسەر بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دەیبڕن، ئێمەش بەوە قایل نابین."
بودجەی گشتی 2014 عێراق نزیكەی 175 تریلیۆن دینارە.
ماوەی چەند ساڵێكە بەغداو هەرێم لەسەر پرسی نەوت و پارەی هێزی پێشمەرگە و چەند پرسێكی دیكە كێشە لە نێوانیاندا دروستبووە و تا ئێستا ئەو كێشەكانە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراون.
پێشتر سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەخنەی لە بەغدا گرتووبوو و گوتبووی: "بەپێی بودجەی 2014 عێراق بێ، بەشی هەرێم دەكاتە كەمتر لە سەدا 17 ، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی ساڵانەی خەرجییە سیادییەكان كە لە لایەن حكومەتی عیراقی فیدرالەوە دەكرێت."
هەروەها وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە مافی هەرێمی زانی هەموو رێكارێكی یاسای بگرێتە بەر بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی دروستی سەدا 17ی بودجەی عیراق كە مافێكی یاسایی و دەستووریی هەرێمی كوردستانە.
هەرێمی كوردستان بریاری داوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكا پابەندیشە بەوەی داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات بۆ سەر بودجەی گشتی عێراق، بەڵام تا ئێستا هەردوولا رێكەوتنێكیان لەوبارەوە ئیمزا نەكردووە و بەغداش دڵنیای لە هەرێمی كوردستانی دەوێ بۆیە هەرەشەی كەمكردنەوەی لەسەدا 17ی بەشی هەرێم لە بودجەی عێراق دەكا.
نەجیبە نەجیب، هاوكات ئەندامی لیژنەی داراییشە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گوتی: "ئومێد دەكەین بەم سەردانەی شاندی حكومەتی هەرێم كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێ، پێمانوایە بەچارەسەركردنی ئەم گرفتانە پەیوەندیەكانی هەردوولا ئاسایی دەبنەوە. تەنیا رێگەش هەر چارەسەركردنە چونكە هەموولایەكمان لە عێراقدا پێكەوە دەژین."