ئەمریكا داوای لە گروپ و لایانەكانی سودانی باشوور كرد شەڕی ناوخۆ بوەستێنن و هەوڵی چارەسەری سیاسی بدەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جین پساكی رایگەیاند كە لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری و بەرپرسانی دیكەی حكومەتی ئەمریكا بە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە لەگەڵ سەركردەی سودانی باشوور قسەیان كردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جۆن كیری داوای لە سەركۆماری سودانی باشوور سیالڤا كیر و جێگری سەركۆماری پێشوو رییەك ماكھار كردووە كۆتایی بە شەڕی ناوخۆ بھێنن.
نوێنەری تایبەتی حكومەتی ئەمریكا دۆنالد بووت بۆ تاوتوێكردنی كێشەی سودانی باشوور بڕیارە لەگەڵ سەركردەكانی سودانی باشوور كۆببێتەوە و رێكەوتنامەی رێكخراوی گەشەپێدانی جیھانی لەگەڵیان تاوتوێ بكا.
گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جین پساكی جەختی لەسەر چاەرەسەری سیاسی كردەوە و گوتی: "دەبێ شەڕی ناوخۆ لە سودانی باشوور بە زووترین كات بوەستێنرێ و یارمەتی مرۆیی لە سەرجەم دەڤەرەكانی سودانی باشوور دابەش بكرێ."