دھۆک - رهوان نهێلى
شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگای دەروازەی ئیبراھیم خەلیل گەیشتە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە سبەی چوارشەممە سەردانی گوندی زارگەلی سەر بە قەزای رەواندز باكووری پارێزگای هەولێر بكات تا لە نزیكەوە ئاگاداری رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە بێت.
شاندەكە لە عوسمان بایدەمیر، قەدری یڵدرم، ھودا كایا و چەند ئەندامێكی دیكەی هەدەپە پێك ھاتووە و ئەگەری سەردانی ئەو شاندە بۆ قەندیل ھەیە.
ئەندام پەرلەمانی توركیا عوسمان بایدەمیر بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە دەروزاەی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ پێخوشحاڵم لە خاکی كوردستانم و مەبەست لە سەردانمان كومەڵكوژی زارگەلی یە، ئێمە چەند رۆژێك لە كوردستان دەمێنین و دەچینە زەرگەلە و لەگەڵ دامودەزگاکانی فەرمی كۆ دەبینەوە و دەمانەوێت راپۆرتێك ئامادە بكەین و بزانین لە زەرگەلە چەند كەسی بێتاوان كوژراون و بۆ هەموو جیهان ئاشكرای بکەین كە جارێكی تر لە كوردستان كومەڵكوژی روو نەدات".
عوسمان بایدەمیر درێژەی دایە و دەڵێت: "حكوومەتی توركیا دەڵێت لە بومبارانی زارگەلی كەسی سڤیل نەكوژراوە و رایی گشتی توركیا بەم ئوپەراسیۆنە هەڵخەڵەتێنن، ئامانجی هەدەپە ئەوەیە كە راستی زارگەلی چییە بە هەموو جیهان رای بگەیەنێت".
ناوبراو گوتی: "ئامانجی دووەمان ئەوەیە تەرمی شەهیدانمان بگوازینەوە كە ئەمە لە مێژووی مرۆڤایەتی لە هەر نەتەوە و بیروباوەڕێک ئەم زوڵمە قبووڵ ناكات و پێمان وایە ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت لەم بوارەدا هاوكاریمان بكات".
بایدەمیر گوتیشی" شەڕ چەند تاڵ و دژوار بێت، رۆژێك دێت لە سەر مێزی دانوستان، كێشەكان دەبێ چارەسەر بكرێت".
سەرۆکی شاندی پەرلەمانی تورکیا بایدەمیر لە کۆتاییدا گوتی: "لە ساڵی 2013ەوە هەتا ئێستا ئەگەر پرۆسەی ئاشتی خۆی گرتبێت، بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە یەكەم ماندووبوون و بەرخۆدانی گەلی كورد و سیاسەتی هەدەپە دژی سیاسەتی شەڕ كە هەدەپە دژی شەڕە، ئەوەی مێزی دانوستانی تێك داوە ئەنقەرە بوو نە ئێمە و نە هیچ لایەنێكی تر و بانگ لە ئەردۆغان و ئەحمەد داودئوغڵو و ئاك پارتی دەكەم كە جارێكی تر بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان".