Sarmand Hameed
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2021
هەولێر ـ AA
بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی پێشوازى لە بالیۆزى نوێى تورکیا لە عێراق، عەلى رەزا گونەى و شاندى یاوەرى کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرى بەرپرسى فەرمانگە، دابان شەدەڵە و کونسوڵى گشتىی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچاى ئامادەبوون، باس لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بە گشتی کرا.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بالیۆزى نوێی تورکیا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا، هاوکات ئاماژەى بە بایەخى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى تورکیاى کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکان لەسەرجەم بوارەکاندا بەرەوپێش بچن.
بارودۆخى سیاسى و پەرەسەندنەکان لە عێراق و ناوچەکە و خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان تەوەری دیکەی دیداری نێوان هەردوولابوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی دیدارەکەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق سوپاس و پێزانینى خۆى دەربرى بۆ پێشوازى و کۆبوونەوەکە و ویستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.