ھەولێر
بارزانی داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بە ھەموو شێوەیەک تەقەکردنی خۆشی رابگیرێت و ھەموو لایەنەکان رێز لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بگرن.
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا کە لە سایتی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە و ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی کردووە دەڵێت گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی سەربەرزی کوردستان دەکات بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەی دەنگدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھاوکات ئەم رووداوەش بە" دەستکەوتێکی مەزن بۆ گەلەکەمان" دەناسێنێت و داوا لە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان و ھاوڵاتییانی ھەرێم دەکات تەبایی و ھێمنی کوردستان بپارێزن و لە پێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و ئاسوودەیی خەڵک ھەموو جۆرە تەقەیەکی خۆشی رابگیرێت.
مەسعود بارزانی کە دوێنی لە مەسیف سەڵاحەدین دەنگی خۆی دا بەبێ ئەوەی ھیچ لێدوانێک بدات ئەم پەیڤەی پاش داخستنی بنکەکانی دەنکدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان دێت کە پاش نیوەڕی دوێنی کاتژمێر ٥ی سەر لە ئێوارەبوو. بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات کە " ھەمو لایەکیش رێز لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بگرن کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رادەگەیێنرێت".