تاران
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی سووریا، محەمەد جیھاد ئەل لەحام کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری ئێران رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەی ھەردوو لایەن، روحانی رایگەیاندووە کە لە شەڕی نێوان راستی و ناڕاستی، بە دڵنیاییەوە راستی سەردەکەوێت و ھاوکات راشیگەیاندووە کە وڵاتانی بێگانە سەرکەوتوو نابن لە سەپاندنی مەرجەکانی خۆیان بەسەر گەلی سووریا".
روحانی راشیگەیاند کە گەلی سووریا لە لایەن چەند گرووپێکی تیرۆرست و وڵاتانی بیانییەوە ناچاری شەڕ کراون و لە پاڵ ئەمەش گوتوویەتی: "دوژمنانی سووریا پێیان وابوو کە دیمەشق بە چەند مانگێک دەکەوێت بەڵام بۆ ماوەی چوار ساڵ رووبەڕووی بەرخودان بوونەوە و بەم پێیەش ھیواکانیان رووخا، ھاوکات تیرۆرستان ناتوانن بەسەر گەلی سووریا سەربکەون".
روحانی رایگەیاندووە: "ئەگەر گەلێک بیەوێت ئەوا دەتوانێت رووبەڕووی گشت فێڵەکان بوەستێتەوە، ھەروەکو ئێران کە سەرەڕای پاڵپشتی چەند وڵاتێک شەڕەکەی لەگەڵ سەدام حوسێن بردەوە".
لە لایەکی دیکە سەرۆکی پەرلەمانی سووریا، ئەل لەحام سوپاسی خۆی ئاراستەی روحانی و وڵاتەکەی کرد بە ھۆی پاڵپشتیان لە گەلی سووریا، لەپاڵ ئەمەش گوتی: "گەلی سووریا ھەرگیز پاڵپشتی گەلی ئێران لە بیر ناکات، مایەی نیگەرانییە کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە ھاوکاری تیرۆریستان دەکەن، ئەم وڵاتانە پڕۆگرامی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پەیڕەو دەکەن، بە دڵنیاییەوەش خزمەت بە رژێمی زایۆنیست دەکەن".