دیاربەكر
لە چوارچێوەی داواكاری كەمینەكانی ئایینی توركیا لە بواری چارەسەری، دیموكراتیزە كردن، مافی مرۆڤ و ئازادییەكاندا لە رۆژی 30ی ئەیلوولی ساڵی 2013 پاكێجی دیموكراتیزە كردنی توركیا راگەیەنرا و لە چوارچێوەی ئەو پاكێجەدا رووبەری زیاتر لە 244 دۆنم زەوی گەڕینرایەوە بۆ كلێسای مۆر گابریەل و پەرستگاكانی دیكەیش كە لە لایەن ئایینزاكانی ترەوە بەكار دەهێنران نوێ كرانەوە.
ساڵی 2014یش یەكێتی ئەورووپا لە راپۆرتی خۆیدا لە بارەی توركیاوە باسی لە هەوڵەكانی توركیا بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری بە تایبەتی پرسی كورد ستایشی هەوڵەكانی توركیای كردبوو و جەخت لەوە كرابوویەوە كە حكوومەتی توركیا بۆ رێگریكردن لە جیاوازی كردن لە نێو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەدا هەنگاوی گرنگی ناوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرۆكایەتی ناوچەی وەقفەكانەوە دەستكەوتوونە لە باتمان، بینگۆل، دیاربەكر و ماردین و هەموو ئەو پەرستگانە و شوێنەكانی تایبەتی ئایینزاكان نۆژەنكراونەتەوە.
لە كاتێكدا كە كاری نۆژەنكردنەوەی كلێسای كاسۆلیكی ئەرمەنی و كلێسای پڕۆتستانتی ئەرمەنی لە دیاربەكر كۆتایی پێهاتووە هاوكات دەست بە ئامادەكاری بۆ نۆژەنكردنەوەی هەر یەك لە كلێساكانی دەیرول زەعفەران و مۆرگابریەل و كلێسای مەریەمی دایكیش كراوە.
لەگەڵ زیادكردنی كاتی ماددەی 11ی یاسای وەقفەكاندا لە چوارچێوەی داواكارییەكاندا رووبەری زیاتر لە 244 دۆنم زەوی كلێسای مۆرگابریەل و زەوییەكانی كلێسای كەلدانی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەقفەكانەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەو كلێسانە.
لە ماردینیش لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا هەموو زەوییەكان گەڕێنرانەوە و هەر شوێنێكیش كە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبووە نۆژەنكراوەتەوە. ئەو كارانە كە لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا بەرەو پێشەوە چوونە لە ناوچەكانی وەكو دیاربەكر و ماردینیشدا لە رووی ئایینیەوە خزمەتی گەشتوگوزار دەكات.
لەو بارەوە مەترۆپۆلیتی ماردین و دیاربەكر سالیبا ئۆزمەن بە ئانادۆڵو گوتی: "قۆناغی چارەسەری بۆ هەموو پێكهاتەكانی توركیا زۆر گرنگە".
سالیبا گوتی: "لە تورعابیدین كە وەكو زێدی سریانییەكان دەناسرێت چەندین ئاسەواری مێژوویی و كەلتووری ئایینزاكانی دیكە هەیە و ئەو ئایینزایانە ناتوانن لەسەر ئیمكان و دەرفەتەكانی خۆیان ئەو شوێن و ئاسەوارانە نۆژەنبكەنەوە، بۆیە دەوڵەت بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنانە هاوكاری باشی كردووە و ئەنجامدانی ئەو كارانە لە لایەن دەوڵەتەوە مەرجە و لەو چوارچێوەیەدا پێشكەوتنی بەرچاو هەیە".
ئۆزمەن باسی كاری نۆژەنكردنەوەی لە ماردین كرد و گوتی: "دەوڵەت لە ماردین چەند شوێنێكی نۆژەنكردووەتەوە و گەڕاندنەوەی زەوییەكانی كلێسای مۆرگابریەل زۆر گرنگە و دەوڵەت بە یەك چاو سەیری هەموو ئاسەوارەكانی مێژوویی دەكات و سەیر كردنی هەموو ئەو ئاسەوارانە لەلایەن دەوڵەتەوە وەكو دەوڵەمەندی زۆر گرنگە، ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە، لە ناوچەكەدا پێویستی زۆرمان بە پیاوانی ئاینی خاوەن پەروەردەی باش هەیە، ئەمڕۆ پیاوانی ئاینی لە عێراق و سووریاوە دێن و لەم ساڵانەی دواییدا هەر چەند كەمیش بێت بەڵام بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە هەنگاوی گرنگ نراوە و لە بەشی زمانەكانی زیندوو لە زانكۆی ئەرتوكڵوی ماردیندا خۆلی زمانی سریانی كراوەتەوە پشت بەخوا هەر شت باشتر دەبێت".
ئۆزمەن گوتی: لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری جموجووڵێك لە بواری گەڕانەوەی ئەو سریانییانەدا هەیە كە لە توركیا باریان كردووە و چوونەتە ئەورووپا و ئێمە ئاواتە خوازین كە ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا نەگرێتەوە و هەركەس لە توركیا لە نێو ئاشتی و تەباییدا بژێت و لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی بكەوێتە سەر شانی ئێمە درێغی لێوە ناكەین و چاوەڕوانی بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری دەكەین".
پاپازی كلێسای كیركلار گابریەل ئاكیوز گوتی: "ئێمە زۆر بە باشی هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی چارەسەری دەكەین چونكە ئەو قۆناغە كاریگەری باشی لەسەر كەرتی گەشتیاری، بازرگانی و كەلتوری شارەكەدا هەبووە و هەركەس لەم قۆناغە رازییە ئاشتی و تەبایی و ئارامی لە هەر شتێكی دیكە گرنگترە و ئەگەر ئاشتی نەبێت هیچ كەس ناتوانێت هیچ شتێك بە دەستەوە بهێنێت".
گابریەل ئاكیوز گوتی: "لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریدا بۆ سریانییەكانیش هەنگاوی گرنگ نراوە و پێشكەوتنی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە و ئێمە زۆر دڵخۆشین بەڵام ئەم پێشكەوتنانە هێشتا كەمن و ستایشی رۆلی حكوومەت و دەوڵەت دەكەین، بەشێك لەو سریانییانەی كە ساڵانی پێشوو كۆچیان كردبوو گەڕانەوە و ئەگەر ئاشتی بەمجۆرە بەردەوام بێت ئەوا ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەگەڕێنەوە زیاتر دەبێت".
ئاكیوز گوتی: "ئێمە لە هەر رێوەڕەسمێكی ئاینیدا نزا بۆ بەردەوام كردنی ئاشتی و ئارامی دەكەین و هەر شەو نزا بۆ ئاشتی دەكەین و ئامانجی سەرەكی ئێمە ئاشتییە و نابێت كەس هیچ جۆرە بەربەستێك بخاتە بەردەم ئەم پڕۆسەیەوە و نابێت هیچ كەس ئەم پڕۆسەیە بۆ بەرەژوەندی تایبەتی خۆی بەكار بهێنێت و سوپاسی ئەو كەسانەیش دەكەین كە هەوڵ بۆ بەرقەرار كردنی ئاشتی دەدەن".
پاپازی كلیسای پڕۆتستانی ماردین ئەندەر پەكەریش گوتی: "رەوشی توركیا بە بەراوەرد لەگەڵ رەوشی وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر باشە، یاساكانمان یەكسانی خوازن و دەستووری بنەڕەتی بەرگری لە هەموو كەمەنەتەوە و ئایینزاكان دەكات و هەر هاووڵاتییەكی توركیا دەتوانێت بڕوای بە هەر ئاینێك هەبێت زۆر خۆشحاڵین بەوەی كە لە توركیا دەژین بۆیە داواكارین ئەم بارودۆخە درێژەی هەبێت".
پەكەر گوتی: "ئەو لێدوانانەی حكوومەت كە ئاماژە بەوە دەكەن لە بارەی نوێ كردنەوەی كلێساكاندا هاوكار دەبێت و كار ئاسانی دەكات بوونە مایەی خۆشحاڵی ئێمە.
سەرۆكی دەستەی سەرۆكایەتی وەقفی سریانییەكان ئانتۆ نوئای گوتی: "بۆ ئێمە قۆناغی چارەسەری زۆر گرنگە و ئەو قۆناغە بووەتە مایەی خۆشحاڵی هەموو سریانییەكان".
نوئای گوتی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەرامبەر بەو هەنگاوانەی تا ئەمڕۆ جێبەجێكراون بە تایبەتی گەڕاندنەوەی زەوییەكانی كلێسای مۆرگابریەل لە ماردین و زۆر لە كارو هەنگاوەكانی حكوومەت رازین و ئاواتە خوازین لەو چوارچێوەیەدا هەموو مافی سریانییەكان پارێزراو بێت و چاوەڕانی ئێمە لە حكوومەتی ئاك پارتی ئەمەیە".
لە لایەكی دیكەوە یەكێتی هێڵ و تۆڕەكانی ئاسمانی توركیایش دەستی بە نوێ كردنەوەی كلێسای مۆر ئاهۆ كە خاوەن مێژوویەكی هەزار و 500 ساڵەیە و لە ناوچەی گورجوشی باتماندایە، كردووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

