ھەولێر
وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بێرت كۆندرێس سەردانی كەمپی پەنابەرانی لە ھەولێری كرد.
لە سەردانەكەیدا بۆ كەمپی پەنابەران، بێرت كۆندرێس وەك پێشتریش رایگەیاندبوو، مەبەستی بەسەركردنەوەی ئاوارەكان و بە تایبەت بینینی رەوشی منداڵانی ئاوارە بوو.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بێرت كۆندرێس بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند كە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسیی، سەربازیی و ئابووریی و بە تایبەت بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئاوارەكان، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لە كەمپی بەحرکە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەردانی خێوەتی پەنابەرانی كرد و لە چەندین چادردا لەگەڵ ئاوارەكان كۆبووەوە و گفتوگۆی لەگەڵ كردن و لە ژیان و رەنجی ئاوارەكانی كۆڵییەوە.
بێرت كۆندرێس لە كەمپەكەدا یەكێك لە منداڵە ئاوارەكانی لە ئامێز گرت كە ئاڵای كوردستانی بەدەستەوە بوو.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا قوتابخانەی منداڵانیشی بەسەركردەوە و لە تەنیشت منداڵان گوێی بۆ وانەكانیان راگرت.
پارێزگای هەولێر نەوزاد هادی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا یاوەری ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بوون.
جوندە فاروق خەڵكی قەرەقوشە و لە كەمپی پەنابەرانی بەحركە دەژی. لە بارەی سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا گوتی: "كەسایەتی دێبلوماسی تەنیا دێن و سەیری هەژاری و نەهامەتییەكانی ئێمە دەكەن. داوا دەكەم یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدەن بۆ ئەوەی ناوچەكانمان رزگار بكەن و بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
لە ھەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ ھەزار پەنابەر ھەیە كە زۆربەیان خەڵكی عێراقن و بە ھۆی شەڕی داعش روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە.