هەولێر
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە لە بەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدایە لە شنگال، پێشمەرگە سەرجەم ئەو بەرزاییانەی کۆنترۆڵ کردووە کە دەڕوانێتە سەر شنگال و تا دەروازەکانی شارۆچکەکەش پێشڕەوی کردووە.
تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان لە دەروازەکان بەردەوامە، پێشمەرگەکانیش باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی داعش توانای هێرشیان نەماوە و لە پاشەکشەدان.
هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام خاڵەکانی داعش لەناو قەزای شنگال بۆردومان دەکەن.
ئاشتی کۆچەر کە فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە میحوەری شنگال بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە پێشمەرگە نەچووەتە ناوەندی قەزای شنگالەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ترس هەیە سەرجەم رێگەکان لە لایەن داعشەوە بۆمبڕێژ کرابن.
کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕێ دەکەن تا سبەی بۆ ئەوەی هێزی تایبەتی پووچەڵ کردنەوەی بۆمب و تەقەمەنی رێگەکان پاک بکاتەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەوەشی کرد کە جگە لە هێزی پێشمەرگە خەڵکێکی زۆری خۆبەخش هاوشانی پێشمەرگە دەبینرێن، کە لە شەڕەکەدا بەشدارن و زۆربەیان خەڵکی شنگال و دەوروبەرین. هەروەها چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبینرێن.