Murat Karadağ,Ramal Abdullah Mahmood
26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ – AA
لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران، ئیسحاق جیهانگیری پێشوازی کرد لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی.
ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردەوە، دوای سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، حەیدەر عەبادی ئێوارەی دوێنێ گەیشتە تاران و ئەمڕۆش لە کۆشکی سەعدئاباد بە شێوەیەکی فەرمی پێشوازی لێکرا.
دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و دوو شاندی لە نێوان عەبادی و جیهانگیری ئەنجام دران. لە لێدوانەکانیشیاندا جەختییان لە پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە مێژوویی، ئایینی و کولتووریەکانی هەردوو گەلی عێراق و ئێران کردەوە.
جیهانگیری گوتی: "بە بۆنەی سەرکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش هەروەها پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق پیرۆزبایی لە حکوومەتی عێراق دەکەم، بە بۆنەی شکستهێنان بە ئاژاوە لەسەر خاکی عێراق لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەختەوەرین".
عەبادیش لای خۆیەوە جەختی لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و گوتی: "لەمبارەیەوە خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا".
لە میانی سەردانە یەک رۆژیەکەیدا بۆ ئێران، چاوەڕێ دەکرێت عەبادی لەگەڵ رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامەنەیی و سەرکۆمار، حەسەن روحانی و سەرۆکی پەرلەمان، عەلی لاریجانی کۆببێتەوە.