ھەولێر
جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا و وەزیری كاروباری دەرەوەی بەلجیكا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و بەرپرسانی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی پەیوندییەكانی نێوان ھەردوولا و رەوشی ئێستای ھەرێم كرد.
جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا دیدیە رێنجەرز و شاندی یاوەری لە گەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا لە ھۆلی سەعد عەبدوڵڵا كۆبوونەوە و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان سازكرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا بۆ روژنامەنووسان گوتی: "ئەو سەردانە پشتیوانییە بۆ ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە ئێستادا كە ھەرێم لەگەڵ تێرۆریستانی داعش لە شەڕدایە و ئەو بارە قورسەی ئاوارەكانیش كە لە ھەرێم ھەیە. ھەروەھا پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدامان لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا تاوتوێ كرد".
فەلاح مستەفا خۆشحالی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و گوتی: "خوشحاڵین كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەرێمی كوردستانی لە بیر نەكردووە و پشتگیری لەو بنەما و باوەڕە كە ھەرێم ھەیتی دەكات".
لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا دیدیە رێنجەرز بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كرد و گوتی: "ئێمە زۆر سەرسام بووین بە خەبات و بەرگری ھێزی پێشمەرگە و ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانان كە ئەمە جێگای گرنگییە بۆ ئێمە و دەبێت ھەموو جیھان بزانێت كە داعش تەنھا ھەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و سووریا، بەڵكو ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەموو جیھان، بۆیە پێویستیمان بە ھاوكاری ھەموو جیھان ھەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە".
دیدیە رێنجەرز ئاماژەی بەوەشكرد كە بەردەوام دەبن لە بەشداریكردن لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ھاوكاری مرۆیی بۆ ھەرێمی كوردستان، ھاوكات سوپاسی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشی كرد كە توانیویەتی ئەو ھەموو پەنابەرانە لە ئیزدی و عەرەب و مەسیحی لە خۆبگرێت و پێداویستیان بۆ دابین بكات".
جێگری سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا لە كۆتاییدا گوتی: "سوپاسی پێشمەرگە دەكەم كە سەقامگیری ئەو ناوچەیەی پاراستووە و ئێستاش لە بەرگریدایە و ھەروەھا لە ئێستادا پێویستە ھەر دوولامان كار لە سەر پەیوەندییەكانی ئابووری بكەین".