نەینەوا
لە دیدارێكی تایبەتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی هێزەكانی سوات لەسەربازگەی مووسڵ عەمیدی روكن واسق حەمدانی تیشكی خستە سەر چەند مژارێك تایبەت بە ئامادەكارییەكانی سەربازگەكانی مووسڵ لەباریەوە گوتی: "شەڕی رزگار كردنەوەی مووسڵ نزیك بۆتەوە و خەڵكی شارەكەمان دڵنییا دەكەینەوە كە كوڕانی شارەكە هەڵدەستن بەرزگار كردنەوەیان لە دەستی داعش و پەیمان بەخەڵكی خۆمان دەدەین كە سەر و ماڵ و منداڵیان پارێزراو دەبێت".
عەمیدی روكن واسق حەمدانی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی سەربازگەكەیان گوتی: "سەربازگەكان ماوەی حەفت مانگە دەستیان بەمشق و راهێنان كردووە و هەموو مەشقەكانی سەربازی و ئەو مەشقانەی كە پەیوەندیدارن بە شەڕكردن تەواو كراون و ئێستا ئامادەن شەڕی دژ بە داعش دەستپێبكەن".
ژمارەی پۆلیس و سەربازەكان گەیشتووەتە هەشت هەزار كەس و چاوەڕوانی دەكەین ژمارەكە بگاتە زیاتر لە دە هەزار پۆلیس.
بەرپرسی هێزەكانی سوات روونیشكردەوە: "رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی پۆلیس و سەرباز و خۆ بەخشەكان رووی لە زێدەبوون كردووە، بەتایبەت پاش ئەوەی بڕیاری لێبوردن دەرچوو بۆ هەموو ئەو كەسانەی كەلەكاتی هاتنی داعش ئەركی خۆیان بەباشی ئەنجام نەدابوو، چاوەڕێی رێنماییەكان دەكەین تاوەكو هەموو ئەو كەسانە كە دەیانەوێت لە شەڕی دژ بەداعش بەشداری بكەنەوە، دەست بەمەشق بكەن. پێشبینی دەكەین ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار كەس تێپەر بكات".
سەربازگەی مووسڵ چەكی قورس و سووكی بەدەست گەیشت
لەبارەی بەدەست گەیشتنی چەكوتەقەمەنی پێداویستییەكانی سەربازی حەمەدانی رایگەیاند "لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتی بەرگری عێراق چەكمان بەدەست گەیشتووە، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە چەكی زیاتر هەیە، چونكە پێشبینی شەرێكی سەخت لە گەڵ داعش دەكەین، بۆیە پێویستیمان زۆر هەیە بە چەكوتەقەمەنی هەندێك پێداویستی دیكەیە كە دەبنە پشتوانییەكی تەواوی شەڕەكە، ئەو چەكانەی كە گەیشتوون بەشی خواستی ئێمە ناكات".
بەرپرسی هێزەكانی سوات لەسەربازگەی رزگاركردنی مووسڵ بۆ كاتی دەستپێكردنی پرۆسەكە گوتی: "ئەم بڕیارە دەگەرێتەوە بۆ سەرووی خۆمان و ئەوانەی پلانی هێرشی رزگاركردنی شارەكە دادەنین، بەڵام هیوا دەخوازین كە ئەم هێرشە لەماوەیەكی نزیكدا دەستپێبكات و واش چاوەڕێ دەكەین كە بەمزووانە دەست پێبكات".
خەڵكی شارەكەمان دڵنییا دەكەینەوە كە كوڕانی شارەكە هەڵدەستن بەرزگاركردنیان لە دەستی داعش
ئەو فەرماندە سەربازییەی عێراق گوتی: "لەبەر ئەوەی خەڵكی مووسڵ دەخوازن بەئاشتی بژین و دەربەدەرەكانیش مەبەستیانە بگەڕینەوە نێو ماڵ و موڵكی خۆیان، پێمان باشە ئەمڕۆ هێرشەكە دەستپێ بكەین، نەوەك سبەینێ. ئێمە دەمانەوێت خەڵكی مووسڵ لە دەستی ئەو تیرۆریست و نەخۆشانەی بەناو داعش رزگار بكەین".
بۆ بوونی راهێنەرانی بیانی لە سەربازگەكان حەمدانی ریاگەیاند: "بەڵێ راهێنەرانی بیانی لە سەربازگەكان بوونیان هەیە، سوودی زۆرمان لێبینیون، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ئەفسەری بەتوانای عێراقی هەیە و مەشقی باش دەدەنەوە، لەگەڵ ئەوەش هێزەكانی هاوپەیمانان لەوباریەوە یارمەتیان داوین، هەندێك راهێنەریان مەشق بە سەربازەكان دەدەنەوە".
سوپاسی حكوومەتی توركیا دەكەین، لەپێشكەشكردنی هاریكاری و رەوانەكردنی راهێنەرانی سەربازیان بۆ سەربازگەكانی مووسل.
بەرپرسی هێزەكانی سوات گوتیشی: "ئێمە وەك خەڵكی مووسڵ و وەك عێراقییەك سوپاسی هەر لایەنێك دەكەین، كە پشتگیریمان لێبكات و یارمەتیمان بدات بەتایبەت توركیا، بێگومان سوپاسی حكوومەتی توركیا دەكەین، لەپێشكەشكردنی هاریكاری و رەوانەكردنی راهێنەرانی سەربازیان بۆ سەربازگەكانی مووسڵ، چونكە بەڕاستی ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە هاوكاریانە هەیە".
ئەوەشی راگەیاند كە: "بێگومان هەڵویستی توركیا لەو بارودۆخەی كە ئێستا عێراق پێدا تێپەر دەبێت زۆر گرنگە، چونكە داعش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر هەموومان، مەترسییەكانی داعش پەلی گەیاندۆتە سەر هەموو وڵاتانی ناوچەكە،بۆیە هاوكاری توركیا و وڵاتانی ناوچەكە پێویستە، بەتایبەت هاریكاری توركیا زۆر پێویستە".
پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە، بەتایبەت بۆ گۆڕینەوەی زانیارییەكانی هەواڵگری
سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پێشـمەرگە و هاریكارییەكانی ئەوان بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ، عەمیدی روكن واسق حەمدانی رایگەیاند" وەك دیارە سەربازگەكان لە ژێر ئێدارەی پێشمەرگە دامەزراون و پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە، بەتایبەت بۆ گۆڕینەوەی زانیارییەكانی هەواڵگری و چەندین لایەنی دیكەی سەربازی، ئێمە لەنزیكەوە لەگەڵ پێشمەرگە لەو ناوچەیە كە تێدا جێگربووینە، هاوكار و هاریكار بووینە ئەوانیش یارمەتی زۆریان داوین".
گوتی: "بێگومان بەشداری پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ یەكلاكەرەوە دەبێت و ئەركەكانمان زۆر ئاسان دەكات".
لەكۆتایی دا بەرپرسی هێزەكانی سوات لەسەربازگەی مووسڵ دڵنیایی دایە خەڵكی مووسڵ لەو باریەوە گوتی: "بۆ خەڵكی مووسڵ كە كەسوكار و خەڵكی خۆمانن، پێیان دەڵێن ئازادكردنی شارەكەمان لەدەستی ئەو خوێن رێژ و تیرۆیستانەی كەئازاری هەمووانیان داوە نزیكبۆتەوە وئینشائەڵا لەماوەیەكی نزیكی داهاتوودا بارودۆخەكە ئارام و ئاسایی دەبێتەوە و دەخوازم متمانە بەوە بكەن كە ئەو هێزەی مووسڵ رزگار دەكات، هێزی كوڕ و نەوەكانی ئەو شارەن و بە هیچ شێوەیەك نابێ ئازاریان پێبگات.
سێ سەربازگەی مەشقكردن لەژێر ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەنزیك پارێزگای مووسڵ كراوەتەوە، سەربازگەیەكیان لە شارەدێی مەخموورە و ئەوەی دیكەیان لە ناوچەی بەعشیقە و سێیەم سەربازگەش لە ناوچەی رەبیعەیە.
ژمارەی خۆبەخشانی سەربازگەی بەعشیقە زیاتر لە پێنج هەزار پۆلیس و خۆبەخشە، لە سەربازگەی مەخمووریش ژمارەی خۆبەخشەكان نزیكەی دوو هەزار كەسە و ئەوەی رەبیعەش زیاتر لە هەزار خۆبەخشە و بەشێوەیەك تەواوی ئەو سەرباز و خۆبەخش و پۆلیسانەی كە لەنزیك پارێزگای مووسڵ مەشقی سەربازی وەردەگرن هەشت هەزار كەس تێپەر ناكەن.