كابول
سەرۆكی ئەفغانستان، محەمەد ئەشرەف غەنی لەبارەی رفاندنی ئەو 31 گەشتیارەی كە سێ مانگ لەمەوبەر لە شاری زابل رفێنرا بوون رایگەیاند كە نۆزدەیان ئازاد كراون و جەختی كردەوە كە هیچ پارەیەك لەبەرامبەر ئازادكردنیان نەدراوە و بە تۆمەتبارانیش ئاڵوگۆر نەكراون.
غەنی لە كۆشكی سەرۆكایەتی روونكردنەوەیەكی دا بە رۆژنامەنووسان و ئاماژەی بەوە دا كە دوای ئەوەی چەند مانگێك لەمەوبەر ئەفغانستان رووبەڕووی كارەساتی رۆچوونی زەوی بووەوە هەندێك لە رێكخراوانی تیرۆریستی هەوڵی كوشتنی كارمەندانی رێكخراوانی نێودەوڵەتییان داوە كە بە مەبەستی پێشكەشكردنی هاوكاری روویان لە ناوچەكە كرد بوو و گوتی: "دوای رفاندنی 31 گەشتیار لە مانگی رابردوو لە شاری زابل ١٩یان ئازاد كران و هیچ پارەیەك لەبەرامبەر ئازادكردنیان نەدراوە و بە تۆمەتبارانیش ئاڵوگۆر نەكراون".
جێگەی باسە غەنی لەبارەی ئازادكردنی ١٩ لەو ٣١ گەشتیارانەی کە رفێنرا بوون وردەكاریی نەدا و ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی دوانزەكەی دیكەش ئازاد بكەن.
پێشتریش سەرۆكی شورای شاری زابل، عەتا جان حەقبەیان لە بارەی ئازاد بوونی گەشتیاران رایگەیاند بوو: "ئازادکردنی ئەو 19 گەشتیارە لە بەرامبەر ئازادكردنی 29 چەكداری تاڵیبان بووە".
سێ مانگ لەمەوبەر 31 گەشتیار كە لە شاری قەندەهارەوە بۆ كابولی پایتەخت گەشتیان دەكرد لە شاری زابل لە لایەن چەكدارانەوە رفێنرا بوون، هێزەكانی ئاسایشی ئەفغانستانیش لەمبارەیەوە ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی دەست پێ كرد بوو.