واشنتۆن
باراك ئۆباما و شای سعوودیە، لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا، لەسەر دواین گۆرانكارییەكانی ناوچەكە گفتوگۆ دەكەن و بیرو را دەگۆڕنەوە.
كۆشكی سپی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند پادشای سعوودیە شا سەلمان بن عەبدلعەزیز بەمەبەستی نیشاندانی ئەفسوسی خۆی كە ناتوانێت بەشداربێت لە لوتكەی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو بکات ئەوەیش بەهۆی سەقاڵبوونی بە كێشەی یەمەنەوە، پەیوەندی كردووە بە باراك ئۆباما و هاوكات چەندین پرسی ناوچەیی و جیهانینان تاوتوێ كردووە.
شا سەلمان ئاماژەی بەوەداوە كە لە بری خۆی وەزیری نێوخۆ شازادە محەمەد بن نایف بن عەبدلعەزیز ئال سعوود و یاریدەدەرەكەی محەمەد بن سەلمان رەوانەی لوتكەكە دەكات، كە بڕیارە ئەم هەفتەیە لە كەمپ دەیڤد بەڕێوەبچێت.
لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا هەردوو لا باسیان لەو هەڕەشانە كردووە كە رووبەڕووی ناوچەكە بوونەتەوە و بڕیارە لە لوتكەكەدا لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو باس لە چارەسەرەكانی هاوبەش بۆ شەڕی ناوچەكە بكەن.
ئۆباما و شا سەلمان باسیان لە گرنگی رێككەوتنەكەی نیسانی رابردووی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران كرد و ئەویشیان نیشانداوە كە پێویستە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە بواری ئاشتی بەكاربهێنێت.
لەبەشیكی تری پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا باس لە گرنگی ئاگربەست كراوە بۆ گەیاندنی یارمەتیەكانی مرۆیی بۆ یەمەن و ئۆباما خۆشحاڵی خۆی بەو هەنگاوە دەربڕیوە . هاوكات هەردوولا جەختیان كردۆتەوە لە بەهێز كردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە.
بڕیارە ١٣ و ١٤ی ئەم مانگە لە كەمپ دەیڤد بەسەرۆكایەتی باراك ئۆباما، لوتكەی ئەنجوومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو و ئەمەریكا بەڕێوەبچێت.