Hemn Baban
25 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
ھەولێر - AA
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بهشیر حهداد رایگەیاند کە ھەرێم و بەغدا گەیشتوون بەو قەناعەتەی کە دەبێت چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی نێوان ھەردوولا بدۆزرێتەوە.
بەشیر حەداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە باڵەخانەی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان بەستی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە، وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە.
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق رایگەیاند "لەگەڵ پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق چووە قۆناغێکی نوێوە کە قۆناغی دەستکردنە بە ھەنگاوان بەرەو پتەوکردن و بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆیە دەبینین لە بەغداوە شاندێکی باڵا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو سەردانانەی کە لە ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێزان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، ئەنجامیان دابوو".
بهشیر حهداد گوتی: "لەو سەردانانەی بەرپرسانی ھەرێم بۆ بەغدا و سەردانی بەرپرسان لە بەغدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئیرادەیەکی جیددی ھەیە و پێویستی ھەردوولا لە ئەمڕۆدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ھەموو کات زیاترە، ھەروەھا بارودۆخێکی لەبار لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوان ھەردوولا".
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بهشیر حهداد ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان چەند لێژنەیەک پێکھاتووە کە لێژنەی پسپۆڕ و ھونەریین بۆ چارەسەرکردنی دۆسییەکانی نەوت و غاز، دۆسیەی بوودجە و مووچە، دۆسیەی سیاسی و ئەمنی و ماددەی ١٤٠.
بهشیر حهداد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەنووسان لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەیدا کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی سەرکردایەتی لە ھەولێر ھات، رایگەیاند "ئەمڕۆ یان سبەی شاندێک لە ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان برەو پێ بدەن، ئومێد وایە لە ماوەی مانگێک یان دوو مانگدا ئەو گفتوگۆییانە بگەنە ئامانج، چونکە دەزانن ماوەیەکە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق کاری لەسەر دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەکە بێتە پەرلەمان، جا تا ئەو کاتە ئەگەر گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا نەگاتە ئەنجامێک بەڕاستی تێپەڕاندنی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ لە عێراقدا زۆر زەحمەتە".
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بهشیر حهداد ئەوەیشی گوت کە "بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ئەوەی کورد دەیەوێت مافە دەستووری و یاساییەکانییەتی، ئەگەر بەغدا گەرەنتی ئەوەی کرد کە مافەکانی کوردستان بدات ئەوا ھەرێمی کوردستان پابەندی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی دەبێت".
بهشیر حهداد گوتیشی: "دەبێت پەلە بکرێت لە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ھەرێم".
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و ئەو کێشانەی بۆ ئاوارەکان دروست بووە بە ھۆی ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، رایگەیاند "ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی تانەی لە بڕیارەکە داوە و ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی دادگەی فیدراڵیین".
بهشیر حهداد سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ ساڵی ٢٠١٩ ھەموو مووچەکان وەکو خۆیان دێن ئەگەر چەند رۆژێک دوابکەون یان نا، بەڵام دێن تا کۆتایی ئەمساڵ".
جێگری دووەمی سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکانیش گوتی: "لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە و ماوەیەکە کار دەکات و بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری باشیان کردووە و زۆرینەی کێشە و پرسەکان یەکلایی کراونەتەوە و بەشێکی کەمیان ماوە و ئومێد دەکەین ئەوانەش چارەسەر بکرێن".