سلێمانی - دلشاد سەیفەددین
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر ٢٢ ساڵە لەمیدیای کوردی کاردەکاو مامۆستای ڕۆژنامەگەرییە لەزانکۆی سلێمانی، لەدیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵبژاردنەکەو دەرەنجامەکان دەکا، ھەروەھا سیناریۆکانی پێکھێنانی حکومەت دەخا بەر لێکدانەوە.
سەرەتا لەبارەی ھەڵبژاردنی ڕۆژی ٢١/٩ی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی"ئەم ھەڵبژاردنە چەند لایەنێکی ھەیە، لەکاتی خۆیداو بەکۆدەنگی لایەنەکان ئەنجامدرا، ھەڵمەتی بانگەشە بەشێوەیەکی زۆر باش و مەدەنیانە بەڕێوەچوو، ڕۆژی ھەڵبژاردن و پرۆسەکەش لەگەڵ بوونی چەند پێشێلکاریی و ڕێگرییەک لەچەند جێگایەکدا، بەڵام تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو، ئێستاش چاوەڕوانی ئەوە دەکەین لەتاقیکردنەوەی کۆتایشدا سەرکەوتوو بین و ھەموو لایەنەکان ئەنجامەکان ئیقرار بکەن ".
ھەڤاڵ ئەبوبەکر جەخت لەسەر گرنگی داننانی لایەنەکان بەئەنجامەکان دەکاتەوە"ئیقرارکردنی ئەنجامەکان دەمانباتە قۆناغێکی زۆرگرنگ کەھێندەی ڕاپەڕینەکەی بەھاری ساڵی ١٩٩١ گەلی کوردستان دژی ڕژێم و یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ گرنگە، چونکە ئەمجارە زۆر دەستکەوتی دیموکراسی بەڕێگایەکی مەدەنی و دوور لە توندوتیژیی بەدەست دێنین ئومێدی ئەوەی لێدەکرێ کەحکومەتێکی بەھێزتری لێ بەرھەم بھێنرێ".
ئایا بەسەرکەوتنی ھەڵبژاردن ھەرێمی کوردستان لەتاقیکردنەوەی دیموکراسی دەردەچێ؟ مامۆستا ھەڤاڵ دەڵێ
" کەس لەتاقیکردنەوەی دیموکراسی دەرنەچووە، چونکە بینیمان لەوڵاتی میسر سوپا جارێکی دیکە ھاتەوە، دیموکراسی تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامەو دوبارە دەبێتەوە لەھەر تاقیکردنەوەیەکیاندا وەستاین پاشەکشە دەکەین ، دڵخۆشین بەوەی قۆناغێکمان بڕیوە بەڵام قۆناغەکانی دیکە لەبەردەممان ماون ، ئەمەشمان ھەنگاوێکە بۆ بڕینی قۆناغەکانی داھاتوو".
ھەڤاڵ ئەبوبەکر ڕێژەی بەشداری لەپرۆسەکەدا بەسەرکەوتوو ناودەبات"زیاتر لە ٧٣%ی ھاووڵاتیان و ٣٢ قەوارەی سیاسی بەشداری پرۆسەکەیان کردووە، ھێزی زۆر گەورەی دەسەڵات ئەلتەرناتیڤی لەئۆپۆزسیۆن بۆ دروست بووەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و زۆر لایەنی سەربەخۆش بەکارایی بەشدارییان کردووە".
ئەنجامە بەراییەکان کاریگەریی بۆ سەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو دروست دەکات؟
ھەڤاڵ گوتی "ئەو ئەنجامانەی ئاشکراکراون ھیچ لایەک لەھیچ شوێنێک یەکەمی بەدەستنەھێناوە، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵییە ئەو ڕیزبەندییەی دروست بووە ھەندێک گۆڕانکاریی دروستکردووە کەکاریگەریی لەسەر ھەڵبژاردنی داھاتووش دەبێ".
بەوجۆرە شیکاریی کرد بۆ سەرکەوتن و شکستی لایەنەکان
ـ پارتی دیموکراتی کوردستان: ناوچەیەکی زیاتری لەڕووی جوگرافیاوە لەژێر دەستدایە، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی پەیوەندییەکی مێژوویی بەتین لەنێوان ئەوو دەنگدەرانی ھەیە توانیویەتی وەک خۆی بیھێڵێتەوە، بەڵام بەگشتی ڕێژەی دەنگەکانی بە بەراورد بەھەڵبژاردنەکانی پێشتر، کەمیکردووە لەکاتێکدا لەھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ (ی. ن. ک)ھەموو کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەست بوو.
ـ یەکێتی نیشتمانی کوردستان: شکستی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانی سەرکردایەتی ئەو حزبە لەئەندام و لایەنگران و کۆی خەڵکی، ھەروەھا غیابی مام جەلال (سکرتێری گشتی ی.ن.ک) کاریگەریی گەورەی دروستکردو وای کرد مینبەرێکی ھاوبەشی نەبێ و کۆمەڵێک مینبەری ناکۆک دروست بوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پەرتبونی دەنگەکانیان دەبێ.
ـ بزووتنەوەی گۆڕان: سەرکەوتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندیی و ڕایەڵەی لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵک و خواستەکانییان ھەیەتی.
- یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی: لایەنە ئیسلامییەکان تاڕادەیەک کورسییەکانییان زیادیکردووە، بەڵام ئەو بارودۆخانەی لەدەوروبەری ئێمە ڕوویاندا، ئەوان سەرەتا خۆیان کردە خاوەنی سەرکەوتنەکەی، بۆیە کە لەوێ شکستی ھێنا بەشێک لەشکستەکەی بەر ئەمان کەوت، نەدەبوو لەسەرەتاوە سەرکەوتن و شکستی ئەوان بکەن بەھی خۆیان کەئەوەش زیانی گەورەی لەھەوادارانی ئەوان دا.
ئێستا دوای دەرکەوتنی دەرەنجامە بەراییەکان، قسەو باس لەسەر شێوازی حکومەتی نوێ دەکرێ کە ئاخۆ حکومەتی لایەنی براوە یان حکومەتێکی بنکە فراوان دەبێ؟ مامۆستا ھەڤاڵ دەڵێ سیناریۆکان زۆرن بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخا کەبەتەنیا کەس ناتوانێ حکومەتی داھاتوو پێکبێنێ.
ـ بەپێی یاسای ھەڵبژاردن ئەگەری ئەوە ھەیە سەرۆکی ھەرێم وەک لیستی براوەی یەکەم(پ. د. ک) ڕاسپێرێ بۆ پێکھێنانی حکومەت، ئەویش بەدوای ھاوپەیمانێکی بەھێزدا دەگەڕێ بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز تاوەکو لانی کەم ئەو چوار ساڵە بەئارامی تێپەڕێنێ، بۆ ئەو مەبەستەش تەقە لەدەرگای گۆڕان دەدات.
بەڵام لەبەرامبەردا گۆڕان مەرجی بۆ ئەو میواندارییە ھەیە"داخوازییەکی گۆڕان ئەوەیە سیستمی حوکم ببێتە سیستمێکی پەرلەمانی و حکومەت ھی ھەموو خەڵک بێ، حکومەتێکی یەک ئیدارەو دووربێ لەدەستتێوەردانی حیزبی، بەو مەرجانە گۆڕان بەشداریی حکومەتێکی ھاوبەش دەکات.
ـ سیناریۆیەکیدیکە ئەوەیە پارتی لەگەڵ یەکێتی و کۆتاکان حکومەت پێکبێنێ، بەڵام ئەوە میتۆدێک بوو تاقی کرایەوەو ١٧ی شوبات و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەو سیناریۆیەش بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان توشی گرفت دەبێ بەتایبەتی ئێستا گۆڕان لایەنی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکانی سلێمانی و گەرمیانە.
ـ سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە لەگەڵ ئیسلامییەکان و کۆتاکان حکومەت پێکبێنێ، ئەوەیش بەھۆی کەمی ڕێژەی دەنگەکانی ئەو لایەنانەو بەشداریی کردنیان لەسەر بنەمای ھاوبەش نابێ و بەشداریی پێکردن دەبێ، ئەوکات وەزارەتەکان وەزیری بێ وەزارەت و کارتۆنی دەبن و جارێکی دیکە خزمەتگوزارییەکان لەم ناوچانەدا توشی گرفت دەبن.
ـ ئێستا سیناریۆیەکی دیکە ھەیە کە یەکێتی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن حکومەت پێک بێنن، ئەوەش بەبێ پارتی وەک لایەنی یەکەمی سەرکەوتووی ھەڵبژاردن سەرکەوتوو نابێ.
لەئەنجامی ئەو سناریۆیانەدا داخۆ سیناریۆی بەھێزو سەرکەوتوو کامیان دەبێ؟ ھەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی "بەبڕوای من بە مەرجەکانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن، دەتوانرێ لەم کاتەدا حکومەتێک پێکبێنن کەلەخزمەتی ھەمووان دا بێ".
news_share_descriptionsubscription_contact

