سلێمانی
دوای ئەوەی ئەمرۆ سێشەممە دوو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی (کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق) لەبەغداوە چوونە شاری سلێمانی، لەگەڵ (بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کۆبوونەوە.
تیمی کۆمیسیۆن لەشاری سلێمانی لەدوای کۆبوونەوەکانیان کۆنگرەی رۆژنامەوانییان سازدا.
وائیل وائیلی ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گوتی " ئەمڕۆ لە بەغداوە ھاتووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەی دوێنێ شەو لەشاری سلێمانی روویداوە. رێککەوتین لەسەر ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێ لەو بنکەیەی کێشەکەی لەسەر دروستبووە".
لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا (ھاوڕێ تۆفیق) بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن رایگەیاند: نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێتی نیشتمانی سکاڵایان ھەبووە لەسەر فۆرمی (٧٠٤) کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی لەسەر تۆمارکراوە.
ھاوڕێ لەبارەی داخستنی بنکەکە گوتی "لە سەعات ١٢ ی شەوی رابردوو بنکەکە داخراوە، دوای ئیمزاکردنی بەڵێننامەیەکی ھاوبەش، ئێستا بنکەکە کراوەتەوە".
بەڵێننامەکە ئەو مەرجانە لەخۆدەگرێ:
- فۆرمی (٧٠٤) بە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەدرێ، ئەوان بەراوردی دەکەن لەگەڵ ئامارەکانی خۆیان بوونی ھەر گۆڕانکارییەک بە تەزویر حیسان دەکرێ.
- ھەر کارمەندێ گومانی لەسەربێ لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.
- ھێزەکانی ئاسایش رێوشوێنەکانیان توندبکەنەوە بۆ پاراستنی بنکەکان.
- دوای داخستنی بنکەکە لە سەعات ١٢ی شەو، لایەنەکان بۆیان ھەیە دوو نوێنەر تا بەیانی لەوێ بھێڵنەوە.
ھەروەھا ھاوڕێ گوتی "پرۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف بەرێوەدەچێ و لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی بەراییان لایە. لەبەر ئەوە ھیچ گۆڕانکارییەک روونادات لە دەنگەکان، با نەکەونە تۆمەتبارکردنی یەکتر.ھەر سندوقێکیش زیاتر ٨٥% دەنگی لایەنێکی تێدا بێ، سەرلەنوێ دەژمێررێتەوە".
ئاژانسی ئەنادۆڵو AA دەقی کۆنوسی کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و لایەنە بەشدار بووەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو کۆمەڵ) دەستکەوتووە.
دوای کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن و لایەنە ناکۆکەکان، ئەم بڕیارانەی خوارەوە درا بەڕەزامەندی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان دران.
- ھەرفەرمانبەرێک ناوی لەلیستی ناوی کۆمیسیۆنی باڵادا تۆمارنەبوو ئەگەر باجی کۆمیسیۆنیشی ھەبێ دەکرێتە دەرەوەی ناوەند.
- فۆڕمی ژمارە ٧٠٤ ھەموو وێنەیەکی لەبەر دەگیرێتەوەو دەدرێتە لایەنی (گۆڕان) پێویستە لایەنی ناوبراو لەڕێی ڕێکخراوەکەیەوە وێنەی بداتە ھەر لایەنێکی سیاسی کە داوای بکات (ئەم کردارە فۆڕمەکانی ڕابردوو داھاتوش دەگرێتەوە).
- بریکاری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی مافی چاودێری کردنی سندوقەکانی ھەیە لەنزیکەوەو پێویستە سەرجەم زانیارییەکانی پێویست کانی بدرێتی.
- ھەر لایەنێکی سیاسی مافی دانانی ھەشت نوێنەری ھەیە بۆ ھەر ناوەندێک، واتە بۆھەر چوار ناوەندەکە ٣٢ نوێنەری دەبێ.
- ھەر کیانێکی سیاسی بۆی ھەیە نوێنەرێک بھێڵێتەوە وەک چاودێر لەناو ناوەندی وەرگرتن و ووردبینی، شەوانە لە سەعات ١٢ی شەو بۆ ھەشتی بەیانی.