نیویۆرک
لەکاتی گەیشتنی بۆ نیویۆرک سەرکۆماری تورکیا (عەبدوڵڵا گول) لەگەڵ بانکی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەستخراون، گول لەکۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بان کی مۆن ئاماژەی باسی رێککەوتن لەبارەی لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا کراوەو بەبریارێکی باش ھەڵیسەنگاندووە.
گول جەختیکردووەتەوە قەیرانی سوریا تەنیا بەکارھێنانی چەکی کیمیایی نییە، بگرە سوریا پێویستی بە ستراتیژییەکی سیاسی گشتگیر ھەیە بۆ دوور خستنەوەی لەو قەیرانە. بۆیە خوازیار بووە بۆ پاراستنی پێگەو لەدەستنەدانی متمانەی خۆی، کاتی ئەوە ھاتووە نەتەوەیەکگرتووەکان لە رووی کردارییەوە ھەنگاو بنێ.
لە کۆبوونەوەکەدا گول باس لە پرسی قوبرس دەکات و دەڵێ، تورکیا ئیرادەی خۆی یەکلایی کردووەتەوە بۆ چارەسەرێکی گشتگیر، لەم خاڵەدا تورکەکانی قوبرسیش ھاوڕان لەگەڵ ئەم ھەڵوێستەدا. ئەگەر لایەنی رۆم بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیی لێ بکەن، ئەوا بەرەو چارەسەر ھەنگاوە دەنرێ.
سەرکۆماری تورکیا، ھەروەھا پشتگیریی خۆی بۆ قۆناغی وتووێژی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەربڕی.
لەلایەکی دیکەوە (خەیرون نیسا گول) خێزانی عەبدوڵڵا گول، ئامادەی ئەو خوانە بوو کە لەلایەن بان سون تایک خێزانی بانکی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ خێزانی سەرۆکی شاندەکان سازدرابوو.
ھەروەھا عەبدوڵڵا گول لە چواچێوەی دیدارەکانی لە نیویۆرک، چاوی کەوت بە (خوزەیر خوزاعی) جێگری سەرکۆماری عێراق، لەلایەکی دیکە ئامادەی ئاھەنگی پێشوازییکردن بوو لەلایەن (باراک ئۆباما) سەرۆکی ئەمریکا و میشێلی خێزانییەوە بەبۆنەی ٦٨مین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نوێنەری شاندەکان لە ئۆتێلی واڵدۆرف ئاستۆریا سازدرا.
سەرکۆماری تورکیا لە ئیوارەخوانێکدا کە لەلایەن کۆنسەی کاری ئەمریکا- تورکیادا ئامادە کرابوو، گوتاری پێشکەشکرد تێیدا باسی لەو دەرفەتانە کرد کە تورکیا بۆ سەرمایەگوزاران رەخساندوویەتی. گول گوتی " ساڵی ٢٠١٢ قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و تورکیا ٢٠ ملیار دۆلاری تێپەڕ کردووە، ئەم ژمارەیە نیشانی دەدا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات ٣٠% زیادی کردووە. ئەمریکا وێڕای ئەوەی گەورەترین ھاوپەیمانی ئێمەیە، بەڵام ھێشتا نەبووەتە گەورەترین ھاوپەیمانی بازرگانییمان".