سێرت
وەزیری دارایی تورکیا ( محەمەد شیمشەک) دەڵێ بۆ تێکدانی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد ھەوڵدانێکی زۆر لە ئارادایە بۆیە پێویستە پێکەوە خاوەندارێتی لە قۆناغی چارەسەری پرسی کورد بکەن.
وەزیری دارایی تورکیا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کارسازانی شاری سێرت گوتی" ئێمە وەکو حکومەت گرنگی زۆرمان داوە بەکەرتی پەرەوەردە، ئەو سەرمایەگوزارییەی کە لەم ١٠ ساڵەی دواییدا لە کەرتی پەروەردە کراوە زۆرترە لە سەرمایەگوزاریی ٨٠ ساڵی رابردوودا".
محەمەد شمشەک گوتی" بە ھۆی سەرمایەگوزارییەکانی حکومەت کێشەگەلی ژێرخانی ئابووریی و خزمەتگوزاریی ناوچەکە چارەسەر کران، ئێستا مەبەستی ھاندانی سەرمایەگوزارانی ناوچەکە، ئەو کەسانەی بە بڕی ١٠٠ لیرە سەرمایەگوزاریی بکەن حکومەت تا ١١٦ لیرە ھاوکارییان دەکات، بێجگە لەمە ئەو سەرمایەدارانەی دەیانەوێ لە ناوچەکە سەرمایەگوزاریی بکەن لە رووی ماڵیەوە تا رادەیەکی باش حکومەت ھاوکارییان دەکات".
شیمشەک رایگەیاند: ئامانج لەقۆناغی چارەسەر گەڕاندنەوەی ئارامییە بۆ ناوچە کوردییەکان، دەرئەنجامە باشەکانی ئەم قۆناغە کاریگەریی باشیان لە سەر بۆژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەکە دەبێ و چاوەڕوان دەکرێ لە داھاتوودا رێژەی سەرمایەگوزاریی لەو ناوچانە بگاتە لوتکە.
وەزیری دارایی تورکیا گوتی" دەوڵەت لە ناوچە کوردییەکاندا کاری باشی کردووە و بەردەوام دەبێ لە خزمەتکردنی دانیشتوانی دەڤەرەکە، بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە قۆناخی چارەسەری بەردەوام بێ.
محەمەد شمشەک باسی ھەوڵدانەکانی دژی قۆناخی چارەسەری کرد و گوتی" بۆ تێکدانی قۆناخی چارەسەری ھەوڵێکی زۆر لە ئارادایە بۆیە پێویستە خەڵک، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھەر ھەمووی توێژەکانی کۆمەڵگە خاوەنداریەتی لە قۆناخی چارەسەری بکەن".