ئەدینبورگ
ئەنجامی رێفراندۆمە مێژووییەکەی سکۆتلەندا مانەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەریتانیا بوو.
لەو ھەڵبژاردنەدا کە لە ٣٢ ناوچەی سکۆتلەندا بەڕێوەچوو و بۆ ئەوەی کەمپینی سەربەخۆیی سکۆتلەندا سەرکەوتووبا، دەبوایه یەک ملیۆن و ٨٥٢ کەس دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابا، بەڵام بهپێ كۆتا ئامار دوو ملیۆن و 1926 ھەزار کەس دەنگیان بۆ مانەوە لەگەڵ بەریتانیادا و ملیۆنێك و 617 ههزار و 989 کەسیش دهنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
لەو رێفراندۆمەدا کە پرسیاری (ئایا سکۆتلەندا ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ؟" ئاراستەی زیاتر لە چوار ملیۆن سكۆتلهندی کرا كه رێژەی سەدا ٨٠ی خەڵک بەشداریان تێداكرد.
رێژهی دانیشتوانی سكۆتلهندا پێنج ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەسە.
ئەوانهی تەمەنیان لەسەرەوە ١٦ ساڵی بوو، دوێنێ چوونە سەر سەندوقی دەنگدان.
پڕۆسەی دەنگدان لە سەعات حەفتی بەیانی دەستی پێکرد و تا ١٠ی شەو بە کاتی سکۆتلەند بەردەوام بوو.
لە لایەکی دیکەوە چاوەڕوان دەکرێ کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاژنی بەریتانیا ئەلیزابیتی دووەم لێدوانێکی چاپەمەنی لە بارەی ئەنجامی رێفراندۆمەکەوە پێشکەش بکات و ھەروەھا چاوەڕوان دەکرێ بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دێڤد کامیرۆنیش لەو بارەوە لێدوانێک بدات.
کامیرۆن لە سەر پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی لە ئالیستایر دارلینگ کرد کە کەمپەینی کامیرۆنی (پێکەوە باشترین) بەڕێوە دەبرد.
ئالیکس سالمۆند سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا و ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا کە سەرۆکایەتی کەمپینی جیابوونەوە لە بەریتانیای دەکرد، لە سەر پێگەی خۆی لە تۆڕٍە کۆمەڵایەتییەکاندا پیرۆزبایی لە شاری گلاسگۆو کرد کە زۆرترین رێژەی دەنگی بۆ سەربەخۆیی تێیادا تۆمار کراوە.
پێشتر حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی ئەوەی دابوو کە ئەگەر لەو رێفراندۆمەدا بڕیاری مانەوە لەگەڵ بریتانیا دەربچێ، ئەوا دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سکۆتلەندا زیاتر دەکرێن.
پەرلەمانی سکۆتلەندا کە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە، لە بوارهكانی کەرتی پەروەردەوە تا تەندروستی و کشتووکاڵ و پیشەسازی بۆ خۆی بڕیار دەدات و سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، بەڵام لەبواری سیاسەتی دەرەکی، بەرگری و کۆچ، ھاوکارییەکانی رای گشتی و وزە و چەندین بواری دیکە، پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی بەریتانیا خاوەن مافی قسەکردنن.
پەرلەمانی سکۆتلەندا ھاوکات بڕیار لەسەر سیستەم و رێژەی مالیاتەکانیش دەدات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٨ی ئەیلوول رۆژی ئەنجامدانی رێفراندۆم، رێژەی ئەو کەسانەی پشتگیرییان لە رێفراندۆم دەکرد رووی لە زیادبوون کردبوو و ئەمەش ببوو ھۆی نیگەرانی حکومەتی بەریتانیا، بۆیه بهریتانیا جەختی لەوە کردبۆوه ئەگەر دەنگی نا بۆ سەربەخۆیی سهركهوێت، ئەوا پەرلەمانی سکۆتلەندا لە بواری دارایی و سیستەمی باجەکاندا دەبێتە خاوەن دەسەڵاتێكی زیاتر و چاوەڕوان دەکرێ ھەر سێ پارتە سیاسییە بەھێزەکەی بەریتانیا پشتگیری لەو پێشنیارە بکەن.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا گۆردۆن براون کە بۆ خۆی سکۆتلەندییە، رۆژی نۆی ئەیلوول پلانێکی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ١٩ی ئەیلوول، رۆژێک دوای رێفراندۆمەکە پلانی پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پەرلەمانی سکۆتلەند جێبەجێ دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا کە حکومەتیش پشتگیری لێ دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سکۆتلەندا زیاتر بکرێن، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی مانگی داھاتوو بەڵگەنامەیەک ئامادە بکرێت و پڕۆژە یاسای تایبەت بەو بەڵگەنامەیەیش مانگی کانوونی دووەم پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
بە پێی ئەنجامی ژمارەیەک راپرسی کە پێش رێفراندۆمەکە ئەنجامدرابوون، زۆرتربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی پشتگیرییان لە سەربەخۆیی دەکرد، ببووه ھۆی نیگەرانی حکومەتی بەریتانیا.
بۆ ئەوەی رێفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژی ١٨ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام بدرێ، له رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و سکۆتلەندا پەیمانی ئەدینبورگیان ئیمزا کردبوو و لەو چوارچێوەیەدا لایەنگرانی جیابوونەوە و مانەوە لەگەڵ بەریتانیا بۆ ماوەی دوو ساڵ کەمپینی جیاجیایان بەڕێوە برد.