جنێڤ
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا ستافان دی مستورا لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی جنێڤدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی توركمانی حەلەب عەبدلرەحمان مستەفا كۆ بووەوە. دوای كۆبوونەوەكە مستەفا بە ئانادۆڵو گوتی: "لە دیدارەكەدا باسمان لە كێشە و گرفتەكانی توركمانی سووریا كرد".
مستەفا گوتی: "دی مستورا ویستی بزانێت بیروڕا و پێشنیارەكانی توركمان لە بارەی ئایندەی سووریاوە چۆنە و ئێمەیش وەك توركمان جەختمان لەوە كردووەتەوە كە داوای حكوومەتێكی فرە لایەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە كردووە و هەروەها داوای رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدمان كردووە".
مستەفا گوتیشی: "دی مستورا سەرقاڵی وەرگرتنی بیروڕای لایەنە جیاجیاكانە و پرسیاری لە ئێمە كرد كە بۆچی وەكو توركمان پشتگیری لە ئاگر بەست لە حەلەب ناكەن و ئێمەیش لە وەڵامدا ئاماژەمان بەوە كرد كە رژێمی ئەسەد سەمیمی نییە و متمانەمان پێی نییە، دی مستورا زۆر بە شێوەیەكی سەمیمی لەگەڵ ئێمەدا دیداری ئەنجامدا و خاوەن هەڵوێستێك بوو كە پشتگیری لە بیروڕا و هەڵوێستەكانی ئێمەی دەكرد و ئێمەیش باسمان لە راستییەكان و كێشە وگرفتی توركمان لە سووریا كرد، دی مستورا پرسیاری هەڵوێستی ئێمەی بەرامبەر بە گرووپە ئیسلامییەكان كرد و ئێمەیش جەختمان لەوە كردەوە كە بێجگە لە داعش رێزمان بۆ هەموو ئەو گرووپانە هەیە كە لە دژی رژێمی ئەسەد شەڕ دەكەن. ئەمڕۆ بەرەی نوسڕە لە مەیداندایە كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، باس كردن لە ناوی نوسڕە لەگەڵ سەركەوتنەكانی بەرامبەر رژێمی سووریا كاری رۆژئاوایە، میدیا لە لایەكەوە ئەو سەركەوتنانە وەكو سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نیشان نادات و لە لایەكی دیكەوە وەكو سەركەوتنی داعش و سەركەوتنی نوسڕە نیشان دەدرێن بەڵام بێجگە لە بەرەی نوسڕە چەندین گرووپی دیكەیش هەن كە بەشداری شەڕن".
مستەفا گوتی: "بۆ پاراستنی یەكێتی سووریا پێویستە توركمان رەچاو بكرێن، توركمان و دانیشتوانی گوندەكانی نوسەیری تێكەڵی یەكترن، لە باكووریش لەگەڵ كورد و لە ناوچەكانی دیكەیش لەگەڵ دورزی تێكەڵین. ئێمە بەرگری لە یەكێتی و یەكپارچەیی سووریا دەكەین حەزمان لە جیاخوازی نییە و ئێمەیش داوای ئەوە دەكەین كە وەكو گرووپەكانی دیكە ببینە خاوەن ماف. ئەوەمان بە دی مستورا راگەیاند كە لە شەڕی نێخۆیی سووریادا هەری زیادە توركمان لێیان قەوماوە. راستە لە كۆبانێ كارەساتێك هاتە ئاراوە بەڵام توركمان رووبەڕووی كارەساتی زۆرتر بوونەوە. هەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیو هەم میدیا بە شێوەیەكی نایەكسان هەڵسووكەوتیان كرد و دی مستورایش لەو بارەوە لەگەڵ ئێمەدا هاوڕا بوو".
مستەفا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە لەسەر ناوی ئەنجوومەنی توركمانەكانی سووریا نامەیەكی 16 خاڵیمان ئاراستەی دی مستورا كرد و ئەمە یەكەمجارە كە بەو جۆرە دەنگی خۆمان گەیاندە لایەنێكی بەرپرس و هەبوونی توركمان لە سووریا ناساند و ناوی توركمان لە سووریا چووە نێو ئەرشیڤی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، توركمان لە سووریا خاوەن مافی قسە كردن و لە بۆنیادنانەوەی سووریایەكی دیموكراتیكدا دەبێت توركمان خاوەن مافی قسەكردن بن و دی مستورایش جەختی لەوە كردووەتەوە كە توركمان لە سووریا فاكتەرێكی زۆر گرنگن.
مستەفا جەختی لەوە كردەوە كە لە دیدارەكەدا باس لە چۆنیەتی بۆنیادنانەوەی سوپای سووریا، چۆنیەتی گونجاندنی ئەو گرووپە مەیدانییانە لە نێو سوپای نوێ سووریادا و ئەگەری راهاتنی ئەو گرووپانە لەگەڵ سوپای نوێدا كرا.
بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەی جنێڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، نەتەوە یكگرتووەكان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە هەوڵەكانی دی مستورا بۆ پڕۆسەی گواستنەوەی سیاسی بە شێوەیەك كە هەموو پێكهاتەكانی سووریا لە خۆ بگرێت دەكات.
چاوەڕوان دەكرێتكە كۆبوونەوە راوێژكارییەكانی سووریا كە بە بەشداری نوێنەر، بالیۆز و پسپۆڕان دەستیان پێكردووە و لەو چوارچێوەیەدا دی مستورا بە جیا لەگەڵ لایەنەكان دیدار ئەنجام دەدات، چوار تا شەش هەفتە بەردەوام بن.