Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2018
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ پڕۆسەی ئەژماركردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی دەستیپێكرد، هەریەكە لە لایەنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان بایكۆتی پڕۆسەی ئەژماری دەستی دەنگەكانیان لە پارێزگای سلێمانی كرد و نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەمان هۆكار هۆڵەكەی بەجێهێشتووە.
نوێنەری ئەو شەش لایەنە، بەڵێن ئیسماعیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە نزیك هۆڵی ئاشتی كە پڕۆسەكە تیایدا بەڕێوەدەچێت، گوتی: "ئەمڕۆ جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە سلێمانی دەستیپێكرد، دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەندكرا تیایدا دیاریكرا كە ئەژماركردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی بۆ هەموو سندوقەكان بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی تازە كە لە بری ئەنجوومەنە كۆنەكە دەستبەكاربوون لە پارێزگای سلێمانی بڕیاریانداوە تەنها لە 188 سندوق جیاكردنەوەی دەنگەكان بكرێتەوە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی لەسەدا پێنجی سندوقەكان لە پارێزگاكەدا و لە لای لایەنە سیاسییەكانیش روون نییە كە ئەو سندوقانە لەسەر چ بنەمایەك دیاریكراون".
بەڵێن ئیسماعیل گوتی: "ئێمە تەواوی پڕۆسەكەمان لە پارێزگای سلێمانی رەتكردووەتەوە و زیاتر لە 450 تانە لەسەر سندوقەكانی سلێمانی هەبووە و لە لاشمان روون نییە كە بۆچی لەسەر ئەو 450 سندوقە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان نەكراوە و ئەو 188 سندوقەش چۆن دیاریكراوە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.