Hemn Osman
19 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2015
ئهسینا
سەركردەی ئیئتیلافی چەپڕەوی رادیكاڵی یۆنان و سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە ئالێكسیس چیپراس رایگەیاند "هەڵبژاردنەكەی سبەی یەكشەممە، بابەتێكە لەبەردەم یۆناندا كە ئایا ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی كێشمەكێشم یان نا؟".
پێش هەڵبژاردنە پێشوەختیەكەی سبەی یەكشەممە، چیپراس لە مەیدانی سینتاگمای ئەسینا دوایین وتاری پێشكەش كرد و تیایدا رایگەیاند "ئیئتیلافی هاوپەیمانی چەپڕەوی رادیكاڵ، لە ماوەی حەوت مانگی دەسەڵاتیدا بەرەنگاری فشاری سەختی ئابووری بۆتەوە، لەمەودواش، ئەورووپا هەرگیز نابێتەوە بە ئەورووپای پێشوو".
چیپراس، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی یۆنان، پێشهاتەكانی ئەورووپا دیاری دەكات و گوتی: "لەلایەن هێزەكانی پیشكەوتنخوازەوەكوتلە درووستكرا، لەبەر ئەوە ململانێكان زۆر و بەردەوام دەبن".
گوتیشی: "رۆژی یەكشەممە، بە ئیرادەی گەلی یۆنان ئیئتیلافی هاوپەیمانی چەپڕەوی رادیكاڵ دووبارە دەسەڵات دەگرێتەوە دەست و بۆ چوار ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی یۆنان و ئەورووپا".
گوتیشی: "كەسانێك وایانزانی بە ئاسانی لە ئێمە و ئێوە رزگاریان دەبێت. ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە بە تەنها ناتوانین بچینە دەسەڵات، بەڵام بەهەڵەداچوون، چونكە ئاگایان لە ئیرادەی گەل نییە. حكوومەتەكەی ئیئتیلافی هاوپەیمانی چەپڕەوی رادیكاڵ رووبەڕووی سەختیەكان كرایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش یاسای قەیرانی مرۆیی لە پەرلەمان تێپەڕاند و دووبارە ئەوانەی گەڕاندەوە سەر كار كە دەركرابوون، بەمەش نموونەیەكی باشی نیشاندا".
چیپراس، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە گەلی یۆنان لەپێناو بەرژەوەندیەكانی بەشێكی زۆری كۆمەڵگا متمانە بە ئیئتیلافی چەپڕەوی رادیكاڵ بكات بۆ ئەوەی دانوستانیان لەسەر بكات و گوتی: "هەڵبژاردنەكەی سبەی یەكشەممە، لە هەمان كاتدا راپرسیە. هەڵبژاردنەكە بابەتێكە لەبەردەم یۆناندا كە ئایا ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی كێشمە كێشم یان نا؟".
سەركردەی ئیئتلافی هاوپەیمانی چەپڕەوی رادیكاڵی یۆنان، باسی لەوەش كرد كە دوای رۆژی یەكشەممە وەك سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی لە برۆكسل تەنیا نابێت، بەڵكو لەگەڵ هەریەك لە سەركردەی پارتی پۆدیمۆس پاپلۆ ئیگلێسیاس و سەركردەی پارتی شین- فین جێری ئادامس دەبێت و بەیەكەوە خەبات دەكەن.