واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جێن ساكی له‌باره‌ی قه‌یرانی كۆبانێ كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كدارانی داعشدایه، گوتی: "ناتوانین چاوەڕێی ئه‌وه بین وڵاتێك بە تەنیا قەیرانی كۆبانێ چارەسەر بكات، بۆیە بەھەماھەنگی كار دەكەین. ھەڵبەت له‌م بواره‌دا توركیا رۆڵی دەبێت، بەڵام دەمانەوێ سه‌ره‌تا ئامانج و توانا و مەبەستیان گفتوگۆ بكەین."
ساكی لە كۆنگره رۆژنامه‌وانییه رۆژانه‌كه‌یدا ئاماژەی بەوە كرد كه نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە ھاوپەیمانییەكەی دژی داعش جه‌نه‌ڕاڵی خانەنشینكراو جۆن ئەڵن و یاریدەدەرەكەی برێت مەكگورك لە كۆبوونەوەكانی ئەنقەرەدا بابه‌ته‌كانی وه‌ك رووداوەكانی كۆبانێ و دۆخی مرۆیی لەوێ، رۆڵی توركیا لە ناو ھاوپەیمانییەكەدا، ئەو بوارانەی كە توركیا لە توانایدایە ھاوكاری بكات و ئاسایشی سنووری توركیا و سوریا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا گفتوگۆ دەكه‌ن.
ساكی هه‌روه‌ها گوتی: "لەكاتێكدا لە بەھێزكردنی ھاوپەیمانییە درێژخایەن و فراوانه‌كه‌ی دژی داعش به‌رده‌وامین، به‌ڵام رووداوەكانی ھەفتەی رابڕدوو ئه‌وه‌ی پیشانداین كه بۆ راگرتنی توانا سەربازییه‌كانی داعش، پێویستە ھەنگاوی پەلە بنرێن. ھەربۆیە بڕیارە جه‌نه‌ڕال ئەڵن و یاردەدەرەكەی مەكگورك لە كۆبوونەوەكانیاین لەگەڵ دەستەڵاتدارانی توركدا ئەمە بخه‌نه‌ڕوو."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هه‌روه‌ها گوتی: "بێگومان لە توانای توركیادایە لە بواره‌كانی سەربازی، راگرتنی دارایی تیرۆریستان، رێگرتن لە ھاتوچۆی شەڕوانانی بیانی، ھاوكاری مرۆیی و چه‌ند بوارێكی دیكه یارمه‌تی ھێزەكانی ھاوپەیمان بدات. توركیا لە توانایدایە لەو ھەموو بابەتانهدا ھاوكاری بكات و ئەم بابەتانە لەگەڵی گفتوگۆ دەكەین."
لە وەڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه توركیا داوا دەكات خستنی رژێمی ئەسەدیش بخرێتە ناو ھەوڵەكانی ھاوپەیمان، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟" لە وەڵامدا ساكی گوتی: "ئامانجی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانییه‌كه نه‌گۆڕه كه ئه‌وه‌یش داعشه. توركیا داوای كردووە لە ھاوپەیمانییەتەكەدا ئەركێكی گرنگ وەربگرێت كە ئۆپەراسیۆنی سەربازیش یه‌ك له‌و داواكاریانه یه."