ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی سەردانی بۆ نەخۆشخانە بۆ لای بەڕێوەبەری ئەمنیەتی بینگۆل ئاتالای ئورکەر کە بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی بینگۆلەوە بریندار بووە، لە لێدوانێکدا وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی گشتی جەھەپە کەمال كڵچدارئۆغڵو لە بارەی پشتگیری کردنی تورکیا لە داعش دایەوە و گوتی: "دووبارەکردنەوەی ئەو قسانە لەلایەن كڵچدارئۆغڵوهوە بە وشەیەکی سادە و سووک بێ بەرپرسیاریەتییە و خیانەتێکە کە دەچێتە نێو مێژوو."
داودئۆغڵو لە بارەی باری تەندروستی بەڕێوەبەری ئەمنیەتی بینگۆلەوە گوتی: "رەوشی تەندروستی ئاتالای باشە، دکتۆرەکان زانیارییان پێ داین، عەقڵی لە جێدایە و حاڵی حازر بە شێوەیەکی سنوردار دەرمان دەکرێ و پێویستی بە چارهسهری فراوانی پزشکی نییە، بەڵام یەکەم دەستوەردانی پزشکی زۆر کاریگەر بووە و حاڵی حازر سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی شوێنی برینەکەن."
داودئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەڵامی لێدوانەکانی کەمال كڵچدارئۆغڵوی دایەوە و گوتی: "دووبارە کردنەوەی ئەو جۆرە لێدوانانە ئەوپەڕی بێ بەرپرسیاریەتییە و خیانەتێکە کە دەکەوێتە نێو مێژوو. بەڕاستی تێگەیشتن لە کەمال كڵچدارئۆغڵو زۆر زەحمەتە، لە لایەکەوە راستەوخۆ حکومەت تۆمەتبار دەکات و ئەو تاڵانکارییە بە رەوا دەزانێ و قسەکانی لە بارەی پشتگیریکردنی تورکیا لە داعش دووبارە دەکاتەوە، زۆر بە راشکاوی دەڵێم ئەوەی كڵچدارئۆغڵو دەیکات ئەوپەڕەی بێ بەرپرسیاریەتییە و خیانەتێکە کە لەلایەن مێژوەوە تۆمار دەکرێت چونکە ھیچ کەس ناتوانێ بیسەلمێنێت کە تورکیا پشتگیری داعشی کردووە."
لە بارەی پێشنیاری كڵچدارئۆغڵو بۆ دەرخستنی رێگهپێدانێكی نوێ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، داودئۆغڵو گوتی: "ئەمە پێشنیارێکی گاڵتەجاڕییە، دهركردنی رێگهپێدانێكی نوێ تەنیا بۆ کۆبانێ؟ ئەگەر ھاتوو سبەینێ داعش ھێرشی كرده سهر حەسەکه یان حەلەب، ئەوا دەبێ بۆ ئهوانیش رێگهپێدانی جیاجیا دەربكەین؟ ئەو ھەڵەیەی کە حەفتەیەک لەمەو بەر کردی، تازە ھەستی پێکردووە و دەیەوێ وەکو ھەر جار خۆی نەکاتە خاوەنی ھەڵەکانی. با كڵچدار ئۆغڵو بزانێت کە پێویستمان بە عەقڵی ئەو نییە با تەنیا بێدەنگ بێ و لە لای کۆمەڵگەی جیھانیدا سکاڵا لەسەر وڵاتەکەی تۆمار نەکات و دەرفەت نەداتە دەستی ئاژاوەگێڕان و ئێمە پێویستیمان بە پێشنیار و عەقڵی ئەو نییە."
سهرۆك وهزیرانی توركیا ههروهها گوتی: "تاقە ئامانجی كڵچدارئۆغڵو پاراستنی رژیمی بەشار ئەسەدە و داوای دەرکردنی رێگهپێدانێك دەکات کە لە دژی بەشار ئەسەد نەبێ، پیرۆرزی بەشار ئەسەد بۆ كڵچدارئۆغڵو چییە؟ نازانین. با ھەموو كهسێك بزانێت کە تورکیا بە یەک چاو سەیری ئەسەد و داعش دەکات، ئەگەر كڵچدارئۆغڵو بەڵگەی لە بەردەستدایە و راست دەکات و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت، با بەڵگەکە ئاشکرا بکات و بڵێت ئەو بەرپرسەی تورکیا پشتگیری و ھاوکاری داعشی کردووە و ئەگەر ناتوانێ ئەوە بسەلمێنێت، تکایە با بێدەنگ بێت."