سلێمانی
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئافرەت بەیان نوری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا باسی لە رەوشی ژنان لە عێراق پێش جەنگی داعش و دوای ئەو جەنگە و ئەو ئافرەتە ئێزیدیانە كرد كە لەدەست چەكدارانی داعش رزگارییان بووە.
بەیان نوری گوتی: "بەهۆی شەڕە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە ڕەوشی ئافرەتان لە عێراقدا بەرەو خراپتر رۆشتووە و بەو هۆیەشەوە رێژەی بێوەژن كەوتن و جیابونەوە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێش جەنگی داعش ئافرەتانی عێراق ژیانیان جیاوازتر بوو".
وەزیری كاروباری ئافرەت لە بارەی ژمارەی بێوەژنانەوە ئاماژەی كرد بەوەی لە ساڵی 2012 دا بەپێی ئەو ئامارانەی تۆماركراون 750 هەزار كەس بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بەرز بووەتەوە.
ئەو لە بارەی كاروبارەكانی وەزارەتەكەی بۆ ژنان دوا و گوتی: "لەسەرەتای ئەمساڵدا یاسایەكی تایبەتمان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پاراستنی خێزان لە توندوتیژی پەسەندكرد، هەروەها لە ئەنجوومەن بڕیارێكمان دەركرد بۆ هەموو وەزارەتەكان كە ئافرەتان پشكیان هەبێت لە پۆستەكانی وەزارەتەكاندا ".
ئەوەشی گوت: "لە سەر داوای وەزارەتەكەیان بۆ یەكەمجار عێراق سەرۆكایەتی رێكخراوی ئافرەتانی عەرەب بۆ ماوەی دوو ساڵ وەرگرتووە".
بەیان نوری لەسەر پرسی ئافرەتانی ئێزیدی دوا و باسی لەوە كرد تائێستا نزیكەی 600 ئافرەتی ئێزیدی لە دەست چەكدارانی داعش رزگاریان بووە، بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو كەسانەش لە شارەكاندا سەنتەری تایبەتیان بۆ كراوەتەوە.
هەروەها گوتی: "پلانێكی لەناكاومان بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو ئافرەتانە داناوە، هەروەها لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لە عێراق و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆبوینەتەوە بۆ باسكردنی ئەو كەیسە و چۆنێتی هاوكاریكردنیان، لەسەر ئاستی حكوومەتیش هەوڵمانداوە بڕێك پارەیان بە خەڵات بۆ دابین بكەین".
بەیان نوری لەبارەی ئاوارەكان و ژمارەی ژنی ئاوارە گوتی:" ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی جەنگی داعشەوە گەیشتۆتە سێ ملیۆن كەس، لەو ژمارەیەش نیوەیان ژنن و بە هۆی دابین نەكردنی پێداویستییەكانیانەوە لە رەوشێكی خراپدان".