تاران
سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفڕانسی ئابوری نەتەوەیی لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "لە چەند بوارێکدا گوشاری سیاسەتی ناوخۆیی زیاترە لەوەی کە پێشبینی دەکرێت و لە شوێنێکدا کە تاکڕەوی و قۆرخکاری ھەبێت ئابوری بەرەوپێش ناڕوات و ئەگەر دەرفەت بە تاکڕەوی و قۆرخکاری بدرێت بەڕێوەبەرەکان سەلمان و ئەبوزەریش بن ھەر گەندەڵی دەکرێت".
روحانی باسی لە گرنگی رێگری کردن لە قۆرخکاری و خۆش کردنی رێگەی چاودێری و کێبڕکێ لە بواری ئابوریدا کرد و گوتی: "پێویستە کۆتایی بە گەندەڵی سیاسی بھێنرێت و ھەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت کاروباری ئابوری خۆیان بە شەفافی بەڕێوە ببەن، پێویستە خەڵک بۆی ھەبێت لە بواری ئامار و داتاکان و پلانە ئابورییەکانەوە زانیاری بەدەست بخا. ئەگەر بێت و گەندەڵی نەمێنێت و شەفافییەت ھەبێت بە ئاسانی دەتوانین شەڕی گەندەڵی بکەین کە پەرەی سەندووە. بەو گەندەڵییەی کە ئێستا ھەیە بوژانەوەی ئابوری ئێران مومکین نییە، گرانی و ھەڵاوسانمان دابەزاند و داواکارییەکان بەرز بوونەوە، بەڵام ئەمە دوو شتی جیاوازن، پێویستە کەناڵە میدیاییەکان لەو بارەیەوە بەردەوام بن لە رەخنە بونیادنەرەکانیان بەڵام نابێت زیان بە متمانەی خەڵک بگەیەنن، پێویستە رەچاوی گەورە بوون و بەھێز بوون لە بواری خاڵە نەتەوەییەکاندا بکەین، دوای کۆنترۆڵ کردنی گرانی و ھەڵاوسان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا چوار ئابوری وڵات گەورە بووە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، پشت بەخوا تا کۆتایی ئەمساڵ دەتوانین رێژەی گرانی و ھەڵاوسان بۆ ژێر سەدا ٢٠ دابەزێنین و بەو جۆرە دوای دوو ساڵ لە گەورە بوونی نەگەتیفەوە بەرەو گەورە بوونی پۆزەتیف دەڕوات".
روحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی دانوستانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی کرد و گوتی: "بەرنامەی ئێمە وەک حکوومەت درێژەپێدانە بە گەشە سەندن، ئابوری وڵات دەستی بە بوژانەوە کردووە بەڵام گرنگ بەردەوام کردنی ئەو گەشە سەندنەیە و بوژانەوەیە و ئەگەر ئەزموونی سیاسیمان لە جیھان پەراوێز بخرێت مومکین نییە و ئەمەش بە مانای واز ھێنانمان لە پێوەرەکانمان نییە. لەسەر مێزی دانوستان کەس باسی لە پێوەرەکان نەکردووە".
روحانی لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێران ئاڕاستەی دانوستانەکانی جنێڤ و پرسی رێککەوتنی ئێران لەسەر رێژەی پیتاندنی یورانیۆم دەکرێن، گوتی: "نە ئێران و نە لایەنەکانی بەرامبەر لە کاتی دانوستانەکاندا باس لە پێوەرەکانیان ناکەن چونکە لە جیھانی ئەمڕۆدا ھەر وڵاتێک لە چوارچێوەی بەرژوەندییەکانی خۆیدا ھەنگاو دەنێت، بەو مانایە کە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەکی و بەرژوەندییەکانن نەک پێوەرەکان، ئایە لە کاتی ئیمزا کردنی یەکەم رێککەوتنی جنێڤدا سازشمان لەسەر ھیچ پێوەرێک کرد؟ گفتوگۆمان کرد و گەیشتینە رێککەوتن، ھەردوولا داواکارییان ھەیە و مانای دانوستانەکانیش دروست کردنی پردێکە لە نێوان ئەو داواکارییانە".
هەروەها گوتی: "لە سایەی دانوستانەکانی جنێڤدا گەمارۆی سەر چەندین کەرت وەک ئۆتۆمبێل، پەترۆکیمیا و کەشتی سازی ھەڵوەشێنرانەوە و بەشێک لەو پارانەی ئێران بلۆک کرابوون ئازاد کران و لە بەرامبەر ئەو شتانەشدا ئێمەش زیاتر شەفاف بووین و ئەو بەشەی یۆرانیۆم کە ئێستا پێویستیمان پێ نییە نایپیتێنین، ئایە ئەمە بە مانای ئەوەیە کە پێوەرەکانی ئێران کەوتوونەتە ژێر مەترسییەوە؟ ئەو شتەی ئێمە بە پێوەرەکانمان دەبەستێتەوە سەنتەرفۆژەکان نین، بەڵکو عەقڵ، دڵ و ئیرادەمانە".
روحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنفڕانسی ئابوری نەتەوەیی کەیەکەمجارە ساز دەکرێت نوێ بوونەوەی زۆر لە بواری ئابورییدا لەگەڵ خۆیدا دێنێت و چاوەڕوانی ئەوان لەو پسپۆڕانەی ئامادەی کۆنفڕانسەکەن ئەوەیە زیاتر رێگەچارە و پێشنیاری چارەسەریی ئاڕاستەی حکوومەت بکەن.