جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئارام شێخ محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی كوژرانی سێ زانای ئاینی سونەوە لەشاری بەسڕە گوتی: "وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان ئیدانەی كوشتنی ئەو زانایانەمان كردووە. ئەو كردەوانەش هەوڵێكن بۆ تێكدانی پرۆسەی ئاشتەوایی سیاسی و یەكڕیزی نیشتمانی لە عێراقدا".
ئارام شێخ ئهحمهد ههروهها گوتی: "دەستبردن بۆ بەسڕە لەم كاتەداو دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی بۆ شارەكە و گفتوگۆكردن بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە پایتەختی ئابوری عێراق، بەشێكە لەو هەوڵانەی دەدرێ بۆ پەرەسەندنی فیتنەی تائیفی، بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی بكەوێتە سەر رێڕهوی راستی خۆی".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە ئاماژەی بهوه كرد كه وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان ئیدانەی كردەوەكەیان كردووە و سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمان چووەتە شارەكە بۆ ئاگاداربون لەڕێوشوێنەكان، هەروەها حكومەت بەشێوەیەكی ڕژد كەوتۆتە لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو دەستەی لەپشت ڕوداوەكەوەیە.
رۆژی پێنجشەممە لە دەروازەی قەزای زوبێر لە شاری بەسڕە ژمارەیەك چەكدار لەناو ئۆتۆمبێلێكەوە دەسترێژی گوللەیان كردە سەر ژمارەیەك زانای ئاینیی سونە و لە ئاكامی هێرشەكەدا سێ لەو زانایانە كوژران و یەكێكی دیكەش بە سەختی بریندار بوو.
ڕوداوەكە دوای چەند ڕۆژێك هات لە كوشتنی زانایەكی ئاینی تری سونە لە قەزای خورماتووی شاری تكریت.
ئەو كردەوانە نیگەرانی و توڕەیی خهڵك و رهوتی سیاسی سونەی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و داوای دۆزینەوە و دادگاییكردنی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە دەكەن.