دھۆک
رێگە بە شاندی بەدەپە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتاری سەربەخۆی شاری وان ئایسەڵ توغڵوک نەدرا لە رێگای دەروازەی سنووری پێشخابورەوە سەردانی سوریا بکا.
شاندی بەدەپە بەمەبەستی سەردانی سوریا رۆژی سێی ئەم مانگە سەردانی ھەولێری کرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین چاوپێکەوتنی ساز کرد، کەچی دەرکەوت بەرپرسانی ھەرێم مۆڵەتی سەردانەکەی بە شاندی بەدەپە نەداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە شاندی بەدەپە سەردانی دەروازەی سنووری پێشخابووری لە پارێزگای دھۆک کرد و ھەوڵی دا بەرپرسانی دەروازەی سنووری رازی بکا تا مۆڵەتیان پێ بدەن بچنە سوریا، بەڵام بەرپرسانی پێشخابوور رایانگەیاند: ھیچ جۆرە فەرمانێکیان بۆ نەھاتووە تا مۆڵەت بە شاندەکە بدەن بۆ چوونە ناو سوریا.
شاندی بەدەپە بۆ ماوەی یەک سەعات لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی سنووری پێشخابوور لە مشتومڕدا بوون.
ئایسەڵ تۆغڵو کە جار جار لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی پێشخابوور بەشەڕ دەھات لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ´ویستمان بۆ مەبەستی مرۆیی سەردانی سوریا بکەین." و گوتی: "ئەو ئاستەنگانە کە خرانە بەردەممان ئاستەنگی یاسایی نین."
ھەروەھا گوتی: "دەروازەکانی نێوان تورکیا و سوریا کراوە بوون و دەمانتوانی لەوێیەوە سەردانی سوریا بکەین، بەڵام بۆ پیشاندانی ئەوەی بوونی دەروازە سنوورییەکان لە نێو گەلی کورددا پێویست نیە، ویستمان لە رێگای عێراقەوە سەردانی سوریا بکەین، بەڵام ھێزی پێشمەرگە رێگەی پێ نەداین و ئەمە بوو بە ھۆکاری دڵشکاندنی ئێمە."
لەمبارەیەوە بەرپرسی خاڵی سنووری سەمەلکا سیامەند عوسمان بۆ AA گوتی: "شاندی بەدەپە ھێشتا لە دەروازەی سنووری پێشخابوور چاوەڕوان دەکات." و گوتی:" لە بەرامبەر مۆڵەت نەدان بە شاندی بەدەپە سەرمان سۆڕماوە."