ھەولێر
دوای نۆ رۆژ ھەردوو لایەنە ناکۆکەکەی رۆژئاوا، ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سوریا (ENKS) و تەڤگەری جڤاكی دیموكراتیك (تەڤدەم)، گەیشتنە رێککەوتن.
بەرپرسی دۆسیەی رۆژئاوا لە دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان حەمید دەربەندی لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کە لە دهۆک بەسترا، گەیشتنی ھەردوو لایەنی بە رێککەوتن راگەیاند.
لەو کۆنگرەیەدا دەربەندی گوتی: "بۆ پاراستنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا، دوای نۆ رۆژ ئەمڕۆ گەیشتنە رێککەوتن و ھەردوو لایەن بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەمڕۆ سەعات ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ رێککەوتننامەکەیان لە دھۆک واژووکرد، کە دواتر بە رێککەوتننامەی دھۆک ناسرا."
دەربەندی باسی لەوەکرد کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەو رێککەوتنە دڵخۆش بووە و سوپاس و پیرۆزبایشی لە ھەردوولا کردووە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نوێنەری تەڤدەم ئاڵدار خەلیل گوتی: "بەھۆی بارودۆخی ناوچەکە و رۆژئاوای کوردستان و ھێرشەکانی گروپ و تاقمە تیرۆریستییەکان، بە تایبەت داعش کە ھەڕەشەن بۆسەر کیان و بوونی کورد، لەسەر داوای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتین بە رێککەوتن."
لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەشەوە ئاڵدار گوتی: "بڕیارمانداوە یەکڕیزی کوردان و رەخساندنی مینبەرێکی کوردی کە تیایدا ھەڵوێستی کورد یەکبخرێ بپارێزین، ھەروەھا لەسەر ھاوبەشیکردنی سەرجەم لایەنەکان لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆڕێڤەبەرییەکان بە شێوەیەک کە بەشداریکردنی ھەمووان بپارێزرێ رێککەوتووین، ھاوکات رێککەوتین کە ھەموو لایەنەکان بەرگری لە رۆژئاوا بکەین و بەرگریکردنیش ببێتە ئەرک و مافی ھەموو لایەنەکان."
لای خۆیەوە نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سوریا تاهیر سیفۆک لە گوتی: "رێککەوتنێکی باشمان کرد و گەیشتین بە ئەنجامێکی دروست، کە ئەویش ئەوەیە ھەوڵەکانمان یەکبخەین. رێککەوتنەکەش بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بوو."
سیفۆک ھەروەھا گوتی: "دەبێ خۆمان یەکبخەین چونکە ئەمڕۆ کورد بە درێژایی هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر لە حەلەبەوە بۆ خانەقین کەوتووەتە بەردەم ھەڕەشەی داعش، پێشمەرگە و شەڕوانان و ھێزەکانی دیژە لە دژی ئەو گروپە شەڕ دەکەن کە دژی پرەنسیبەکانی مرۆڤایەتین."